وێنەی دورترین ئەستێرەی زانراو لە زەوییەوە گیرا

07/08/2022 هەمەڕەنگ

نەوا-
تێلسكۆپی "جەیمس وێب" وێنەی دورترین ئەستێرەی لە زەوییەوە گرت كە ناونراوە "ئێرندیڵ" و 28 ملیار ساڵی رووناكی لە زەوییەوە دوورە و تاوەكو ئێستا دورترین ئەستێرەیە بینرابێت.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵ بڵاویكردووەتەوە، "ئێرندڵ" 10 ملیار ساڵی رووناكی لەو ئەستێرەیەی پێشووتر دورترە كە لە رێگەی تێلسكۆپی "هابڵ"ەوە دۆزراوەتەوە و وەك دورترین ئەستێرە لە زەوییەوە كە تاوەكو ئێستا بینرابێت دیاری كرابوو.
ئەوەش هاتووە، "ئێرندیڵ" وەك روناكیەكی سوری زۆر بچوك و كز لە ژێر چەندین كاكێشاندا دەردەكەوێت كە تێلسكۆپەكە گرتوویەتی و وێنەكە بە تیشكی ژێر سور گیراوە، هەروەها ئەستێرەكەی پێشوو 12.9 ملیار ساڵی روناكی لە زەوییەوە دوور بووە.
زانایانی ناسا باسیان لەوە كردووە، ئەو وێنەیەی ئێرندیڵ كە گەیشتووە پێیان بۆ 900 ملیۆن ساڵ دوای تەقینەوە گەورەكە دەگەڕێتەوە، واتا وێنەكە پێش 28 ملیار ساڵی رووناكییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group