پلاسخارت بۆ سەركردەكانی هەرێم: دەبێت بە زوترین كات بگەنە ئەنجامێك

10/08/2022
كۆبونەوەی نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكان و سەركردەی لایەنە سیاسییەكان كۆتایهات و لە راگەیەنراوێكدا سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە، كۆبونەوەكە دەربارەی هەڵبژاردنی داهاتوی هەرێمی كوردستان بوە. 
لەبەشێكی راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە نێچیرڤان بارزانی لە وتەیەكدا سوپاسی پلاسخارت و لایەنە سیاسییەكانی كردوە بۆ بەدەنگەوەهاتنی بانگهێشتی سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و هیوای خواستوە لایەنەكان بگەنە لێكگەیشتنێك بۆ دیاریكردنی كاتی هەڵبژاردن و چارەسەركردنی گرفتەكان و جەختی لەگرنگی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی كوردستان كردۆتەوەو رایگەیاندوە: دواكەوتنی هەڵبژاردن زیان بە ناو و پێگەی هەرێمی كوردستان دەگەیەنێت.
هەر لە كۆبونەوەكەدا پلاسخارت وتەیەكی دەربارەی گرنگی گەیشتنی لایەنەكان بە لێكگەیشتن لەسەر پرسی هەڵبژاردن و دیاریكردنی كاتی ئەنجامدانی كردۆتەوەو هەموو پشتگیرییەكی نەتەوە یەكگرتوەكانی بۆ سەرخستنی پرۆسەكە دەربڕیوە، هەروەها جەختیكردۆتەوە كە دەبێت بە زوترین كات بگەنە ئەنجامێك، چونكە زۆر كات لەبەر دەستدا نیە.
هەر لە راگەیەنراوەكەشدا هاتوە كە لە كۆبونەوەكەدا بڕیار دراوە، سەرەتای ئەیلولی داهاتو دوایین كۆبونەوە بۆ یەكلاكردنەوەی تەواوی بابەتەكانی پەیوەست بە هەڵبژاردن و چارەسەركردنی كێشەكانی بەردەم پرۆسەكە ئەنجام بدرێت، تا ئەوكات سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە سیاسییەكان بە هاوكاریی تیمی پسپۆڕی یۆنامی لە گفتوگۆ و ئامادەكاری بەردەوامدا دەبن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group