مەسعود بارزانی: دادگای فیدراڵی شوێنی مەحكەمەی سەورەی گرتۆتەوە

25/01/2023

نەوا-
پاشئەوەی دادگای باڵای فیدراڵی عیراق بڕیاریدا كە چەند بڕیارێكی كابینەی پێشوی سەرۆك وەزیرانی عیراق نا تەندروست بون بۆ ناردنی 200 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەو بڕیارە بە دوژمنكارانە وەسف دەكات بەرامبەر بە هەرێمی كوردستان.
لە راگەیەنراوێكدا بارزانی رایگەیاندوە، جێگەی داخە جارێكی تر دادگای فیدڕاڵی عیراق هەڵوێستێكی تری دوژمنكارانەی بەرانبەر هەرێمی كوردستان نیشانداو رێگری لەوە كرد ئەو بڕە پارەیە بۆ هەرێم بێت كە بڕیار بوو لەلایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، لێرەدا مەبەست بڕە پارە نیە، بەڵكو كێشە سەرەكییەكە پێشێلكردنی ماف و پڕەنسیپە، هەموو لایەك ئاگادارن كە بەشداریی ئێمە لەهاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت و پێكهێنانی حكومەتی نوێی عیراق لەسەر بنەمای بەرنامەیەكی رون و تێروتەسەل بوە كە هەموو لایەنەكان رێككەوتنیان لەسەر كردوە.
ئاماژەشیكردوە، دابینكردنی بەشێك لە شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانیش كە مافێكی رەوای خەڵكی كوردستانە، بەشێك بوە لەو بەرنامەیەو رێككەوتنی لەسەر كراوە، بۆیە بڕیارەكەی ئەمڕۆی دادگای فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پرۆسەی سیاسی و دژی حكومەتی عیراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەتیشە.
بارزانی راشیگەیاندوە، جێگەی سەرسوڕمانە هەر كات كەشێكی ئیجابی لەنێوان هەرێم و بەغدا دروست بوبێت و دەرفەتێك بۆ چارەسەریی گرفتەكان هاتبێتە ئارا، دەستبەجێ دادگەی فیدڕاڵی كاری بۆ تێكدانی ئەو دەرفەتە كردوەو بەبڕیارێكی دوژمنكارانە دەرفەتەكەی لەبار بردوەو بوەتە هۆی ئاڵۆزتربونی كێشەكان، دیارە ئەجێندایەكی گوماناوی جێبەجێ دەكات و جێگەی دادگای شۆڕش (محكمە الثورە)ـی رژێمی پێشوی گرتوەتەوە.
بارزانی دەشڵێت: داوا لە حكومەتی عیراقی و لایەنە پێكهێنەرەكانی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت دەكەم هەڵوێستی خۆیان لەمەڕ ئەو پێشێلكاری و دژایەتیكردنە نیشان بدەن كە لەلایەن دادگای فیدڕاڵی لە دژی بەرژەوەندییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت.






شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group