نەوا -
ئەمڕۆ چوارشەممە 27/9/2023 یەكێتی نیشتمانی كوردستان پێنجەمین كۆنگرەی خۆی دەبەستێت و تێیدا 600 ئەندامی كۆنگرە و ژمارەیەكی زۆر میوان بەشداری دەكەن.
ماڵپەڕی فەرمی یەكێتی بڵاویكردووەتەوە، لەپێنجەمین كۆنگرەی یەكێتیدا پێشنیاری كەمكردنەوەی ژمارەی ئەندامانی مەكتەبی سیاسی بۆ 10 كەس و هەروەها پێشنیاری دروستكردنی سێ ئەنجومەن لەكۆنگرە دەكرێت، كەبریتین لە ئەنجومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندییەكان و ئەنجومەنی سەركردایەتی و ئەنجومەنی پشتیوانی.
رونیشكراوەتەوە، هەر لە كۆنگرەدا ئەنجومەنی سەركردایەتی بۆ 51 ئەندام كەمدەكرێتەوە كە یەك سەرۆك و 50 ئەندامی دەبێت، هەروەها ئەنجومەنی پشتیوانی راستەوخۆ سەرۆك خۆی سەرپەرشتی دەكات، ئەمەش ئەنجومەنێكە بۆ هێنانە پێشەوەی كادری نوێ و گەنجان و ژنان، كەدەبێتە ناوەندێك بۆ دروستكردنی سەركردایەتی لە داهاتوودا و دەستەیەكی كارا دەبێت و بەپێی راسپاردەكانی سەرۆك ئەركەكانیان جێبەجێ دەكەن.
جەخت لەوەشكراوەتەوە، هەر لەكۆنگرەی پێنجەمدا پەیڕەوی ناوخۆی حزب هەموار دەكرێتەوە و مەركەزییەت لەناو حزبەكەدا دەچەسپێت و لەدوای كۆنگرەوە هەموو بڕیارێك بە كۆدەنگی دەبێت.