نەوا -
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان دەڵێت، نابێت موچە و بودجەی هەرێم بكرێتە بارمتەی سیاسی، هێز و مانەوەی هەموومان لە تەبایی و یەكڕیزیدایە.
نێچیرڤان بارزانی لە وتەیەكدا لە كۆنگرەی پێنجەمی یەكێتی وتی، هیوادارە كۆنگرە ئەنجامی باشی بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان لێبكەوێتەوە، هێز و مانەوەی هەموومان لە تەبایی و یەكڕییدایە و پێچەوانەكەشی زیانی بۆ هەرێمی كوردستان هەیە.
رونیشیكردووەتەوە، زۆر باش و پێویستە حكومەتی هەرێم و بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان لە گفتوگۆی بەردەوامن، ئێستا هەرێمی كوردستان لە دۆخێكی سەختی داراییدایە و كاریگەری خراپ و سەختی لەسەر ژیانی هاوڵاتیان دروست كردووە.
سەرۆكی هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكرد، هەرێم دەیەوێت سەرجەم كێشەكانی لەگەڵ عیراق بەپێی دەستوور چارەسەر بكات، نابێت بودجە و موچەی هەرێم بكرێتە بارمتەی سیاسی، دەبێت هەموو كەس و لایەن و هێزە سیاسیەكان بزانن كە دروستكردنی كێشەی دارایی بۆ هەرێم هیچ خزمەت بە عیراق ناكات، چونكە ئارامی و سەقامگیری و پێشكەوتنی هەرێمی كوردستان و هەر ناوچەیەكی تر ئارامی و سەقامگیری و پێشكەوتنی عیراقە.