لەكۆنفرانسی كۆپ28 لە دوبەی بۆ بەرەنگاربونەوەی مەترسیەكانی گۆڕانی كەشوهەوا ژمارەیەك وڵات بەڵێنیاندا دەردراوەكانی تایبەت بە فێنككەرەوە كارەباییەكانی وەك سپلیت و هاوشێوەكانیان كەمبكەنەوە.
لەوبارەیەوە لێپرسراوێكی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا رایگەیاندوە كە ویلایەتە یەكگرتوەكان یەكێكە لەو 60 وڵاتەی كە بەڵێنیانداوە كە دەردراوەكانی تایبەت بە فێنككەرەوە تاساڵی 2050 كەمبكەنەوە.
دەردراوەكانی فێنككەرەوە كارەباییەكان زۆرترین فۆكەسی بە كۆمەڵی لەسەرە كە وزە دەردەدات و كاریگەریی لەسەر گەرمبونی گۆی زەوی هەیە، لە بەڵێننامەكەدا ئەو وڵاتانە سورن لەسەر كەمكردنەوەی ئەو دەردراوانە لانیكەم بە رێژەی 68% تا ساڵی 2050 بە بەراورد بە ئاستی ساڵی 2022.
شارەزایانیش پێیانوایە ئاسان نییە بتوانرێت كەرتی فێنككەرەوە بەوشێوەیە كەمبكرێتەوە، چونكە بەردەوام ئەو كەرتە لە گەشەسەندندایە لەكاتێكدا پلەكانی گەرماش تا دێت بەرزدەبنەوەو پێویستی بەكارهێنانیان زیاتر دەبێت.