وەزیری تەندروستیی عیراق: چارەسەری قوربانیانی سۆران دەكەین

09/12/2023

نەوا-
لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا وەزیری تەندروستیی عیراق بە وەزیری تەندروستیی هەرێمی كوردستانی راگەیاندوە،  ئامادەن هاوكاری و چارەسەری قوربانیانی روداوی سوتانی باڵەخانەكەی سۆران بكەین.
وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیاندراوێكدا باسی لەوەكردوە، ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستی عیراق بە مەبەستی نیشاندانی ئامادەیی بۆ پێداویستی و هەروەها چارەسەركردنی بریندارانی روداوی سوتانی باڵەخانەكەی قەزای سۆران پەیوەندی بە سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە كرد، ئەمەش وێڕای دەبڕینی دڵگرانی و پرسە و سەرەخۆشی بۆ كەسوكاری قوربانیان و هاوڵاتییانی سۆران.
باس لەوەشكراوە، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەدا وەزیری تەندروستی هەرێمی كوردستان چۆنیەتی سوتانی باڵەخانەكە و رەوشی برینداران لەگەڵ وەزیری تەندروستی عیراقدا تاوتوێكردوە، هەروەها سوپاسی هەڵوێست و هەماهەنگی و ئەو دەستپێشخەرییەی كردوە.
لە روداوی سوتانی باڵەخانەیەكی نیشتەجێبون لە قەزای سۆران 14 كەس گیانیان لەدەستدا و 7 كەسیش برینداربون، بەهۆی ئەوەشەوە سێ رۆژ ماتەمینی لە ئیدارەی سۆران راگەیەنرا.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group