نەوا-
وەزارەتی دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان لە دوو راگەیەنراوی جیاوازدا ئاشكرای كرد، گرێبەستێكی قەرزكردنیان لەگەڵ بانكی رافیدەین كردوەو شاندێكیشیان گەیشتۆتە بەغدا.
لە رونكردنەوەكەی وەزارەتی داراییدا هاتوە كە گرێبەستی وەرگرتنی 250 ملیار دیناری وەك قەرز لەڕێگای بانكی رافیدەینەوە واژۆ كردوەو چاوەڕوانن لە داهاتویەكی نزیكدا پارەكە بگاتە سەر هەژماری بانكی وەزارەت لە لقی هەولێری بانكی ناوەندی عیراق.
هەروەها وەزارەتی دارایی باسی لەوەشكردوە كە شاندی باڵای هەرێم گەیشتۆتە بەغدا كە پێكهاتون لە رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆو ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوری و شاندێكی یاوەریان كە ئامانج لە سەردانەكە گفتوگۆكردنە لەسەر سیاسەتی گومرگی عیراق و هەرێمی كوردستان و هەمواركردنەوەی یاسای دەروازە سنورییەكان.