راگەیەنراوی هاوبەشی دەستەی گەشتوگوزارو دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە

04/03/2024

نەوا-
رۆژی دوو شەممە ٢٠٢٤/٣/٤، لە دیوانی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە، كۆبوونەویەكی هاوبەش لە نێوان دەستەی گەشتوگوزار و دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە ئەنجامدرا سەبارەت بە هۆشیاریی ژینگەیی و گەشتیاری لە وەرزی گەشت و سەیران دا، كۆبوونەوەكە بە سەرپەرشتی عەبدولرەزاق خەیلانی بەرێوەبەری فەرمانگەی هۆشیاری و راگەیاندن لەدەستەی ژینگەو ئیبراهیم عەبدولمەجید بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان لە دەستەی گەشتوگوزارو ئامادەبونی لێپرسراوانی بەشی راگەیاندن و هۆشیاری لە دەستەی ژینگە بەڕێوەوو، دوای گفتوگۆ و ئاڵوگۆڕی بیرورا، راگەیەنراوێكی هاوبەش بڵاوكرایەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەیەكەتی:-
راگەیەنراوی هاوبەشی دەستەی پاراستن و چاككردنی ژینگە و دەستەی گەشتوگوزار 
پیرۆزبایی هاتنی ساڵی نوێی كوردی لە گشت هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەین كە هاوكاتە لەگەڵ وەرزی گەشت و سەیران لە ناو بەهارێكی خۆش و رەنگین لە كوردستان، هیوادارین كاتێكی خۆش و كامەران بەسەربەرن لە شوێنە گەشتیاری و سەیرانگاكان وە رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەن :
1-  پاراستنی سەیرانگاكان و شوێنە گەشتیارییەكان بە پاكوخاوێنی و پیس نەكردنیان .
2-  لە دوای ئاگركردنەوە و تێپەڕاندنی رۆژێكی خۆش لە سەیرانگاكان و لە ناو دارستانەكان ، ئاگرەكە بە تەواوی بكوژێننەوە و دڵنیابن لەوەی كە هیچ پاشماوەیەكی ئاگر نەماوە .
3-  پاراستنی دارستانەكان و نەشكاندنی دارو درەختەكان و بەكارنەهێنانیان وەك سووتەمەنی .
4- فڕێنەدانی پاشماوەكان لە سەیرانگاكان و كۆكردنەوە و هێنانەوەی پاشماوەكان بۆ ئەو شوێنانەی تەرخان كراون بۆ فڕێدانی پاشماوەكان یان هێنانەوەیان لەگەڵ خۆتان بۆ حاویەی زبڵ و خاشاكی بەردەمی ماڵەكانتان .
5- دروستكردن و ئامادەكردنی خواردن بەو بڕەی كە دەخورێت و بەكاردەهێنرێت بۆ ئەوەی نەبێتە پاشماوە و سەیرانگاكان پیس نەكات ، لە كاتی هەبوونی خواردنی زیادە لە شوێنێك دابنرێت بۆ ئەوەی باڵندە و ئاژەڵەكان بیخۆن .
6- پیس نەكردنی رووبار و چەمەكان بە فڕێنەدانی پاشماوەكان بۆ ناویان بۆ ئەوەی نەبێتە هۆی پیس بوونی ئاو و كاریگەری لەسەر زیندەوەرانی ناو ئاوەكە دروست نەكات .
7-  گوێ ڕایەڵی بۆ پۆلیسی پاراستنی شوێنە گەشتیارییەكان و سەیرانگاكان .
8-  لەشەوی سەری ساڵدا واتە لە نەورۆز تایە مەسوتێنن لەبەر ئەوەی زۆر پیسكەری ژینگەیە،تەنیا لەلایەن لایەنی پەیوەنددار لە پارێزگاو ئیدارەكان مەشخەڵی نەورۆز دادەگیرسێت.
9- كۆمپانیا گەشتیارییەكان راسپێردراون كە ژینگەی سەیرانگاو شوێنە گەشتیاریەكان بە پاك و خاوێنی بپارێزن.
10- داوا لە گەشتیاران و سەیرانكاران دەكەین كە هاوكاری تیمەكانی گەشتوگوزار و ژینگە بن كە رێنوێنی و رێپیشاندەریانن بۆ سەیران و گەشتەكان.
11-  دووركەوتنەوە لەو شوێنانەی كە مەترسی هەبوونی مینی لێ دەكرێت و دەستكاری نەكردنی بۆ سەلامەتی هەمووان.
12-  راونەكردن و ئازارنەدانی ئەو گیانلەبەرە كێویانەی كە لە نزیك شوێنە گشتیاریەكان و سەیرانگاكان هەن.
13-  خۆ دوورگرتن لە دروستكردنی قەرەبالغی ئۆتۆمبێل لە رێگاكان و پەكخستنی رێڕەوی رۆیشتن و بەكارنەهێنانی ئامێری ئاگاداركردنەوە( هۆڕن لێدان) بۆ ئەوەی ژاوەژاو دروست نەبێت.

بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەكان       
دەستەی گەشتوگوزار

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group