قوباد تاڵەبانی: بنیاتنانی بەنداو گرنگە بۆ روبەڕوبونەوەی گۆڕانی كەشوهەوا

15/05/2024

نەوا-
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان چەند پرۆژەیەكی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لەسنوری كۆیە بەسەردەكاتەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، قوباد تاڵەبانی لەگەڵ بێگەرد تاڵەبانی وەزیری كشتوكاڵ بەنداوی شەوگێڕی بەسەركردۆتەوەو دەستخۆشی لەهەوڵەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو كردوە بۆ بنیاتنانی بەنداو لەناوچە جیاوازەكانداو بەهەنگاوێكی گرنگی لەقەڵەمداوە بۆ روبەڕوبونەوەی كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.
هەرلەوبارەیەوە بەلەبەرچاوگرتنی توانای بەنداوی شەوگێڕ بۆ گلدانەوەی 1.3 ملیۆن مەترەسێجا ئاو و سەررێژبونی لەمساڵدا، قوباد تاڵەبانی بەنداوەكانی بە فاكتەرێكی گرنگ زانیوە بۆ بەهێزكردنی سەرچاوەكانی ئاو لەهەرێم و زامنی ئاسایشی ئاو و پەرەپێدانی كەرتی كشتوكاڵ.
جێگری سەرۆك وەزیران راشیگەیاندوە، دەبێت هانی جوتیارەكانمان بدەین كە شێوازی كشتوكاڵی پێشكەوتو بگرنەبەر لەپێناو كەمتر بەفیرۆدانی ئاو، بەتایبەت كەمكردنەوەی ئەو بڕەی پێویستە بۆ ئاودانی بەروبومەكان و زیاتركردنی ئاستی بەرهەمی كشتوكاڵی جوتیاران.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group