نەوا-
دوای بڵاوبونەوەی لە سۆشیاڵ میدیادا دڵنیایی دەدرێتە هاوڵاتیان كە بەكارهێنانی گۆشتی هەر جۆرە مریشكێك كە لەژێر رێنماییەكانی ڤێتێرنەریدا بێت تەندروستە بۆ خواردن.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری بڵاویكردۆتەوە، ماوەیەكە مەترسی بەكارهێنان و خواردنی گۆشتی مریشكی هێلكەكەر بەتایبەتی سور لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆتەوە، رایدەگەیەنن كە هەرچەندە ئەم جۆرە مریشكە تایبەتە بە بەرهەمهێنانی هێلكەو ئەگەر گۆشتەكەی لەسەر بنەمای زانستی بەكاربهێنرێت هیچ مەترسییەكی نیە لەگەڵ ئەوەی بەهای خۆراكی ئەم جۆرە گۆشتە نزمە بەراورد بە مریشكی گۆشت.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، بنەمای زانستیی بەكارهێنانی مریشكی گۆشت بەندە بە نەبونی نەخۆشی لە پەلەوەرەوە هەروەها كۆتایی هاتنی ماوەی مانەوەی دەرمان لەناو لەشی پەلەوەرە كاتێك دەرمانی پێدرابێت، بەكارهێنانی دەرمان و ڤاكسین بۆ پەلەوەر و ئاژەڵ ئاساییە بۆ پاراستنیان لە نەخۆشییەكان و چارەسەركردنیان بەشێوازی زانستیی لەژێر رێنماییەكانی پزیشكی ڤێتێرنەریدا، لەكاتی بەكارهێنانی دەرمان بۆ چارەسەركردنی پەلەوەر پێویستە چەند رۆژێك گۆشتەكەی بەكارنەهێنرێت تاوەكو دەرمانەكە كاریگەریی نامێنێت، دوای ئەو ماوەیە بەكارهێنانی هەر جۆرە گۆشتی مریشكێك ئاساییە.
ئەوەش رونكراوەتەوە، هیچ جیاوازییەك لەنێوان مریشكی هێلكەكەر و مریشكی گۆشت یان خۆماڵی نییە لەڕوی بەكارهێنانی دەرمان و ڤاكسینەوە، چونكە هەمو جۆرەكانی پەلەوەر ئەوەیان پێدەدرێت بۆ چارەسەر و پارێزگاری لە توشبون بەنەخۆشیی ئەگەر لەژێر رێنمایی پزیشكیی ڤێتێرنەریدا بێت، چۆن خواردنی هێلكەی مریشكی هێلكەكەر ئاساییەو تەندروستە بەهەمانشێوەش گۆشتەكەی تەندروستە ئەگەر لەژێر رێنماییدا بوبێت.
بەڕێوەبەرایەتییەكە ئەوەشی باسكردوە، دەكرێت جیاوازی لە بەهای خۆراكی مریشكی هێلكەكەر و گۆشتدا هەبێت بەهۆی جیاوازی ماوەی بەخێوكردنەوە، بەڵام لەڕوی تەندروستییەوە هەردوكیان مامەڵەیان لەگەڵدا دەكرێت، جەختیش دەكرێتەوە كە پێویستە مریشك لە سەربڕخانە فەرمییەكان سەرببڕدرێن و دواتر گۆشتەكەی بەكاربهێنرێت ئەوكاتە شیاوە بۆ خواردن.