نەوا-
سەرۆكی ژوری بازرگانی هەولێر ئاماژە بەوە دەكات، رێگری لە هەناردەكردنی كاڵای هەرێمی كوردستان بۆ ناوچەكانی دیكەی عیراق دەكرێت، رۆژی یەكشەممە 10-11 نوسراوێك ئاڕاستەی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن.
گەیلان حاجی سەعید سەرۆكی ژوری بازرگانیی هەولێر بۆ ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاندوە: بە نوسراوی فەرمی ئاگاداری سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەینەوە لەبارەی رێگریكردن لە كاڵای كوردستان بۆ ناوچەكانی دیكەی عیراق، پێشتریش نوسراوێكی كراوەمان هەبوە لە رێگای دەزگا راگەیاندنەكانەوە بڵاومانكردەوە، بەڵام رۆژی یەكشەممە بە فەرمی لە رێگای نوێنەرانی حكومەتی هەرێم لە بەغدا ئاڕاستەی محەمەد شیاع سودانی دەكەن، ئەویش سەبارەت بەو هەڵسوكەوتەی لە بازگەكان بەرامبەر ئەو كاڵایانە دەكرێت كە بۆ خوارو و ناوەڕاستی عیراق هەناردە دەكرێن كە پێچەوانەی مادەی 24ـی دەستوری عیراقە.
وتوشیەتی: هیوادارین ئەمە بابەتێكی سیاسی نەبێت، چونكە ئەم جۆرە مامەڵەیە كاریگەریی خراپ لەسەر ئابوریی كوردستان و عیراقیش دروست دەكات.