پێش جەژن دوكانەكانی بازاڕی قەیسەری رادەستی خاوەنەكانیان دەكرێنەوە

16/03/2025

نەوا-
پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پێش جەژنی رەمەزان نۆژەنكردنەوەی بازاڕی قەیسەری كۆتایی دێت و دوكانەكان رادەستی خاوەنەكانیان دەكرێنەوە.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر سەردانی بازاڕی قەیسەریی هەولێری كرد لەنزیكەوە وردەكاری نۆژەنكردنەوەی بازاڕەكەی بینی كە دوای سوتانی لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر بەبڕی 5 ملیارو 300 ملیۆن دینار دەست بەكارەكانی نۆژەنكردنەوەی كرا لەتەواوی روكاری ناوەوەی بازاڕەكەو كۆڵانە سەرەكی و كۆڵانە لاوەكییەكانی بەشێوازێكی ئەندازەیی و بەپێی ستانداردی پاراستنی شوێنە كلتورییەكان. 
پاشان پارێزگاری هەولێر لەپرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند: لە روداوی ئاگركەوتنەوەكەدا زیاتر لە 210 دوكان سوتان، ئێستا نۆژەنكردنەوەی كۆتایی هاتوەو بەشێكیان رادەستی خاوەنەكانیان كراونەتەوە كاركردنیش بۆ نۆژەنكردنەوەی بەشە كلتورییەكەی بازاڕی قەیسەری بەردەوامەو وا بڕیارە پێش جەژنی رەمەزان دوكانەكان لەو بەشەدا رادەستی خاوەنەكانیان بكرێنەوە كە ئەوان ژمارەیان 136 دوكانە تائێستا 90%یان نۆژەن كراونەتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group