نەوا-
مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، هەموو پابەندییەكانیان بۆ پرسی موچە جێبەجێ كردوە.
لەمیانی بەسەركردنەوەی پارێزگای دهۆك و بەدواداچونی بۆ پرۆژەی روناكیی، مەسرور بارزانی لە لێدوانێكدا لەبارەی دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران رایگەیاند، هەوڵەكانیان لەگەڵ حكومەتی فیدراڵی بۆ دابینكردنی مافەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان بەردەوامن، سوپاسی خۆڕاگری و پشودرێژی فەرمانبەرو خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەن كە تائێستا زۆر پشودرێژ بون، بەڵام پێویستە ئەوانیش بزانن حكومەتی فیدراڵە تائێستا موچەی نەناردوە.
وتیشی: لە پرسی موچەدا حكومەتی هەرێم هەمو ئەركەكانی خۆی جێبەجێكردوە، هیوادارن حكومەتی فیدراڵیش بێتە پێشەوەو ئەوانیش ئەركەكانیان جێبەجێ بكەن و چیدیكە بابەتی موچە نەكەنە بابەتێكی سیاسی و وەك فشار لە دژی هەرێمی كوردستان بەكاریبهێنن.