نەوا-
بەهۆی دروستبونی گرژی و ناكۆكی لەنێوان هەردو باڵەكەی (كوردسات و گردی زەرگەتە)ی بزوتنەوەی گۆڕان، كۆنفرانسەكەیان لەلایەن نوێنەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەوە دواخرا.
دوای ئەوەی گرژی و ئاڵۆزی كەوتە ناو هۆڵی سێیەمین كۆنفرانسی بزوتنەوەی گۆڕان بەئامادەبونی ئەندامانی هەردو باڵی كوردسات و گردی زەرگەتە، بۆ ماوەیەك بەكاتی كارەكانی كۆنفرانسەكە راگیرا، بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی بڵاوكراونەتەوە بەهۆی ئەوەی هەردو باڵەكەی بزوتنەوەكە نەگەیشتونەتە دەرەنجامێك بۆ درێژەدان بە كۆنفرانسەكە، لەلایەن نوێنەری كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن لە عیراق دواخراوە.
پێشتر وابڵاوكرایەوە كە گرژییەكان بەهۆی هەبونی ژمارەیەك ئەندامی كۆنفرانسەوە بوە كە ناویان لەناو لیستی بەشداربوندا نەبوەو چونە ناو هۆڵی كۆنفرانسەوە، بەڵام تائێستا بەفەرمی هیچ یەكێك لە هەردو باڵەكە لەلایەن وتەبێژەكانیانەو هۆكارەكانیان بۆ راگەیاندنەكان بڵاونەكردوەتەوەو ئەوەی كە هەیە زانیاری نا فەرمین.