نەوا-
چوار چێوەی هەماهەنگی و محەمەد شیاع سودانی سودانی كۆبونەوە ڕایانگەیاند، پێویستە یاسای نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق پەسەند بكرێت و بە پێی دەستوور مافەكانی هەرێمی كوردستان دەستەبەر بكرێن.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی رۆژی دووشەممە لە نووسینگەی عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمە، بە ئامادەبونی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، كۆبونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجامدا بۆ تاوتوێكردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و خزمەتگوزارییەكان و شایستەییەكانی هەڵبژاردنی داهاتوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، لە دەرەنجامەكانی كۆبونەوەكەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی تیشكی خستووەتە سەر دۆسیەی هەرێمی كوردستان، جەختی لەسەر گرنگی مامەڵەكردن لەگەڵ هەموو پرسێكی نیشتمانی بەگوێرەی دەستوور و یاساكانی حوكمڕانی” كردوەتەوە.
هەر لەكۆبونەوەكەدا، چوارچێوەكە جەختی لە پابەندبوونی حكومەتی فیدڕاڵی كردەوە بۆ دەستەبەركردنی مافەكانی سەرجەم هاووڵاتیان و هەوڵە جددیەكانی بۆ لابردنی ئاستەنگەكانی بەردەم چارەسەرەكان.
هەروەها، ئامادەبوان جەختیانكردەوە، دەركردنی یاسای نەوت و غاز لە ئەنجومەنی نوێنەران چارەسەری سەرەكییە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداد و هەولێر.