نەوا-
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق رایگەیاند، تۆمەتباركردنی دامەزراوەیەكی ئەمنی عیراق لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستانەوە رەتكراوەیە.
سەباح نوعمان وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم دامەزراوەیەكی فەرمی ئەمنی عیراقی تۆمەتباركردوە ئەمەش كارێكی رەتكراوەو رێگەپێدراو نیە لەژێر هەر بیانویەكدا بێت بەتایبەت كاتێك راگەیەنراوەكە دەركراوە هیچ بەڵگەیەك نییەو داوا دەكەین بیخە بەردەست لایەنە فەرمیە حكومییەكان ئەگەر لەبەردەستدا هەیە.
نوعمان وتوشیەتی: حكومەتی فیدراڵی لەزۆربەی بۆنەكاندا تەئكیدی كردوەتەوە ئاسایشی عیراقییەكانی بۆ گرنگەو بێ دودڵیش رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر هەر لایەنێك گرتوەتەبەر كە هەوڵی تێكدانی سەقامیگری دابێت، یاخود كێشەیەكی بۆ ئاسایش لەسەرتاسەری عیراقدا دروستكردبێت.
وتەبێژی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی عیراق وتوشیەتی: ئەو هەڕەشانەی هەن پێویستی بەهەماهەنگی هەیە لەرێگەی كەناڵە فەرمییەكانەوە لەجیاتی پەنابردن بۆ دەروازەكانی راگەیاندن و راپۆرت و ئەو لێدوانانەی هەلێك بۆ بە خراپ ناوبردنی دامەزراوە عیراقییەكان دەدات بەدەستەوە كە پارێزگاری و بەرگری لەعیراق دەكەن و پاساویش دەداتە ئەو لایەنانەی لە هەوڵی تێكدانی سەقامگیری عیراقدان.
جێی ئاماژەیە، وەزارەتی ناوخۆی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، ئەو هێرشە درۆنیەی كراوەتە سەر هەولێر لەلایەن هەندێك گروپی سەر بە حەشدی شەعبییەوە بوە بەمەبەستی ئاژاوەنانەوە