نەوا-
سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم دەڵێت كە ئێران توانای ئەوەی هەیە لەماوەی چەند مانگێكدا دەست بە پیتاندنی یۆرانیۆم بكات.
رافائیل گرۆسی سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی رایگەیاندوە، ئێران توانای ئەوەی هەیە لە ماوەی چەند مانگێكدا دوبارە دەستبكاتەوە بە پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ ئەگەری هێرشكردن، هێرشەكانی ئەمریكاش بۆ سەر سێ ناوچە ئەتۆمییەكەی ئێران لە كۆتایی هەفتەی رابردودا زیانی زۆری پێگەیاندون، بەڵام بەتەواوی نا.
میدیا جیهانییەكان باسیان لەوەكردوە، ئەم قسانەی گرۆسی پێچەوانەی پەیامەكانی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمریكایە كە پێیوایە توانا ئەتۆمییەكانی ئێران بەتەواوەتی لەناوچون، پێشتر سەرۆكی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم ئەوەشی راگەیاندبو كە كەس ناتوانێت بانگەشەی ئەوە بكات كە هیچ شتێك لە ئێران نەماوە.
جێی سەرنجە ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆم یەكەم دەزگا نیە كە پێشنیاری ئەوە بكات كە توانا ئەتۆمییەكانی ئێران هێشتا دەتوانن بەردەوامبن، سەرەتای ئەم هەفتەیە هەڵسەنگاندنێكی سەرەتایی دزەپێكراوی پنتاگۆن دەریخستوە كە پێدەچێت هێرشەكانی ئەمریكا تەنها چەند مانگێك بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران دوابخات.