سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان: دابڕانی ناحیەی كۆكس بەئیدارەكەیانەوە نادەستوریە

11 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
ئیدارەی گەرمیان رێكاری پێویست بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری دابڕانی ناحیەی كۆكس بەئیدارەی گەرمیانەوە دەگرێتەبەر.
لە راگەیەنراوێكدا ئیدارەی گەرمیان بڵاویكردوەتەوە، ژمارەیەك لەدانیشتوانی سنوری ناحیەی كۆكس سەردانی ئیدارەی گەرمیانیان كردوە داوایانكردوە حكومەتی هەرێم كاربكات بۆ راگرتنی بڕیاری دابڕاندنی ناحیەی كۆكس بە ئیدارەی گەرمیانەوە.
لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە، لەكۆبونەوەیەكدا لەگەڵ دانیشتوانی ناحیەكە جەلال شێخ نوری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاندوە، بڕیاری دروستكردنی قەزایەكی نوێ و گواستنەوەی ناحیەی كۆكس بۆ سەر ئەو قەزایە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە پێچەوانەی دەستورە لەبەرئەوەی ئەم ناوچەیە لەسنوری مادەی 140ی دەستوری عیراقە نابێت لە روی ئیدارییەوە گۆڕانكاری تێدا بكرێت.
راشیگەیاندوە، ناحیەی كۆكس پێش راپەڕین لەلایەن حكومەتی بەعسەوە هەڵوەشێنراوەتەوەو روخێنراوە، لەدوای پرۆسەی ئازادی عیراقیشەوە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە هێنراوەتە كایەو ناحیەیەكی سەر بە ئیدارەی گەرمیانە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەدوای بڕیارەكەی حكومەتی عیراقەوە ئیدارەی گەرمیان رێكارە پێویستەكانی گرتوەتەبەر بە ئامانجی هەڵوەشانەوەی بڕیارەكە بۆ ئەو مەبەستەش هەموو هەوڵێك دەدات. 

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group