ناوەڕۆكی كۆبونەوەی سەرۆكی هەرێم و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق
11 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازیی لە قاسم ئەلئەعرەجی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عیراق كرد.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لە كۆبونەوەیەكدا دوایین پێشهاتەكانی دۆخی ئەمنیی عیراقیان تاوتوێكردوەو جەختیان لە گرنگی بەردەوامی هەماهەنگی و هاریكاریی نێوان سوپای عیراق و پێشمەرگەو هێزە ئەمنییەكانیان كردوەتەوە، هەروەها باسیان لە دوا هەوڵ و هەنگاوەكانی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا كردوە.
راشگەیەنراوە كە لە كۆبونەوەكەدا تیشك خراوەتەسەر دۆخ و دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێكەوتەو كاریگەرییەكانی بەسەر وڵاتانی ناوچەكەوە، هەردولاش هاوڕابون لەسەر بەردەوامی سیاسەت و كاركردن بۆ دورخستنەوەی عیراق و تێوەنەگلانی لە كێشەو ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەو چارەسەركردنی كێشەكان بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە سەرۆكی هەرێم و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عیراق پاراستنی ئارامی و ئاسایشی سنورەكان و چەند پرسێكی تری ئەمنی تەوەرێكی تری كۆبونەوەكەیان بوە.