دەستەی مافی مرۆڤ: نابێت دەزگای ئەمنی چەك بەرامبەر خەڵك بەكاربهێنێت

9 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لەهەرێمی كوردستان پەیامێكی سەبارەت بەڕوداوەكانی ناحیەی وەرتی لەسنوری قەزای رواندز بڵاوكردەوە.
لەبەشێكی پەیامەكەیدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ دەڵێت، دوای ئەوەی ژمارەیەك هاوڵاتی لەسنوری وەرتێ بۆ مەبەستی داواكردنی چەند خزمەتگوزاریەكی وەك ئاوو كارەبا دێنە سەرشەقام دواتر بۆ مەبەستی بڵاوەپێكردنیان لەلایەن هێزێكی ئاسایشی ناوچەكە تەقەیان بەسەردا دەكرێت و دەبێتە هۆی كوژرانی هاوڵاتیەك و برینداربونی سێ هاوڵاتی تر.
راشیگەیاندوە، دەستەكەیان لەنزیكەوە بەدواداچونی بۆ روداوەكە كردوەو دوای پەیوەندی كردن و بەدواداچونیش بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر لەلایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوچەكە، بەڵام تائێستا هیچ وەڵام و زانیارییەكیان لەسەر روداوەكە بڵاونەكردۆتەوە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ بەتوندی ئیدانەی بەكارهێنانی چەك و كوشتنی ئەو هاوڵاتیەی كردوە ئاماژەیكردوە، نابێت دەزگای ئەمنی چەك بەكاربهێنێت بەرامبەر خەڵك بەهیچ شێوەیەك، چونكە ئەركیان پاراستنی سەروماڵی گشتی و هاوڵاتیانە، پێویستە هەرچی زوە تۆمەتبار رادەستی یاساو دادگا بكرێت و بە سزای خۆی بگات، هەروەها پشتیوانی هەر داواكاری و گردبونەوەیەك دەكەن بۆ دابینكردنی مافی هاوڵاتیان لەچوارچێوەی یاساو رێنماییەكان و پێویستە هەرچی زوە بەدواداچونیش بۆ داواكارییەكانی ئەو خەڵكە بكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group