نەوا-
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جەنەراڵ كیڤن لیهی فەرماندەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق و سوریا كۆبونەوە.
لە راگەیەنراوێكدا ناوەڕۆكی كۆبونەوەكە ئاشكراكراوەو تیایدا هاتوە، هەردولا دۆخی سیاسی و ئەمنیی عیراق و هەرێمی كوردستان، پەیوەندییەكانی هەولێرـ بەغدا، پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگەیان تاوتوێ كردوە.
باسیان لەوەشكردوە كە كۆكن لەسەرئەوەی داعش هێشتا هەڕەشەو مەترسییەكی جددییە لەسەر ئارامی و سەقامگیریی عیراق و سوریا، لەمبارەیەوە داكۆكیان لە گرنگی بەردەوامیی هەماهەنگی و هاریكاریی هاوبەشی سوپای عیراق و پێشمەرگە لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربونەوەی داعش كردوەتەوە.
لەلایەن خۆشیەوە نێچیرڤان بارزانی سوپاسی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی و یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستانی كردوە لە روبەڕوبونەوەی مەترسییەكانی تیرۆر، هاوكات ستایشی رۆڵ و هەوڵەكانی جەنەراڵ لیهی كردوە بەتایبەتی بۆ پشتگیری و یارمەتیدانی لە پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی پێشمەرگە.
هەروەها دۆخی سوریاو كوردو پێكهاتەكان لەو وڵاتەو دوایین پێشهاتەكانی ناوچەكەو كاریگەری و لێكەوتەكانی بەسەر عیراق و هەرێمی كوردستانەوە تەوەرێكی دیكەی كۆبونەوەكە بوە.