بۆ پاراستنی ژینگە قائیمقامیەتی سلێمانی لە نوسراوێكدا داوای بەكارهێنانی جۆرێكی تایبەتی پلاستیك دەكات.
لە نوسراوێكدا قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی سلێمانی داوای بەكارهێنانی جۆرێكی تایبەتی پلاستیكی یەكجار بەكارهێنان (بایۆ) كردوە بەمەبەستی پاراستنی تەندروستیی هاوڵاتیان و ژینگەی شاری سلێمانی.
لە نوسراوەكەی قائیمقامیەتی سلێمانیدا هاتوە كە ئەو جۆرە پلاستیكە كە لە تێكەڵەی بایۆ پۆلیمەرو پۆلی پرۆپلین پێكهاتوە بە دۆستی ژینگە دادەنرێت و جێگرەوەیەكی سەلامەتترە بۆ ئەو قاپ و كەلوپەلانەی لە چێشتخانەو كارگەكاندا بەكاردەهێنرێن، چونكە مەترسییەكانی بۆ سەر تەندروستی و ژینگە كەمترە.
نوسراوەكەی قائیمقامیەتی سلێمانی ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكانی شارەوانی، تەندروستی، ژینگەو پیشەسازی كراوە بەمەبەستی كاركردن لەسەر جێبەجێكردنی.