نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و جۆنی ئێرنست سیناتۆری ئەمریكی و ئەندامی كۆمیتەی هێزە چەكدارەكان لە ئەنجومەنی پیرانی ئەمریكا كۆبونەوە.
بەگوێرەی راگەیەنراوێك، لەو كۆبونەوەیەدا پشتیوانی ئەمریكا بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی عیراق، دۆخی ئەمنی عیراق و هەرێمی كوردستان، هەڕەشەو مەترسییەكانی داعش لە عیراق و سووریاو دوایین پێشهاتەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لێكەوتەكانی بەسەر ناوچەكەوە تاوتوێ كراون.
راشگەیەنراوە، هەردوولا داكۆكیان لە گرنگی هاریكاریی هاوبەشی ئەمریكاو عیراق بەهەرێمی كوردستانەوە كردوە بۆ پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی وڵات و بەرەنگاربونەوەی جوڵەو هەڕەشەكانی رێكخراوی داعش كە هێشتا مەترسییەكی راستەقینەیە بۆ ئاسایش و سەقامگیریی عیراق و سوریا.
نێچیرڤان بارزانی لە كۆبونەوەكەدا سوپاسی بۆ ئەمریكا دوپاتكردوەتەوە كە یارمەتی و هاوكاریی بۆ بەرەنگاربونەوەی هەڕەشەو مەترسییەكانی تیرۆر پێشكەش بە عیراق و هەرێمی كوردستان كردوە.
لەلایەن خۆشیەوە ئێرنست جەختی لە پابەندی و بەردەوامیی پشتگیریی ئەمریكا بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان كردەوە، ئارامی و سەقامگیریی ناوخۆ و تەبایی و یەكڕیزیی هێزو لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستانیشی بە پێویست و گرنگ لە قەڵەمداوە.