سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان داوا دەكات فەرمان دەربكرێت بۆ چۆڵكردنی بینای كەناڵی (زوم تیڤی) لە سلێمانی و رادەستكردنەوەی بە كارگێڕییەكەی.
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان راگەیەنراوێكی بەناونیشانی (چارەنوسی كەناڵی زوم نادیارەو 200 كارمەندی لە دڵەڕاوكێدان) بڵاوكردوەتەوە لە بەشێكیدا هاتوە، مامەڵەكردن لەگەڵ كەناڵی زوم و زەوتكردنی ئۆفیسەكەی بە زەبری هێزی چەكدار رەتدەكەنەوە، داوا لەسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان دەكەن فەرمان دەربكات هێزەكە بیناكە چۆڵ بكات و رادەستی ئیدارەی كەناڵەكەی بكاتەوە.
لەبەشێكی تردا سەنتەری میترۆ راشیگەیاندوە، پاش روبەڕوبونەوەكەی بەرەبەیانی 22/8ی شاری سلێمانی هێزێكی ئەمنی هەڵیانكوتاوەتە سەر ئۆفیسی كەناڵی زوم و بەئۆتۆمبێلی بارهەڵگر كەرەستە هەستیارەكانی پەخش و كۆمەڵێك لەئامێری تریان زەوتكردوەو گواستویانەتەوە كە بە تەواوەتی جۆرو ژمارەیان نازانرێت، ئەو هێزە هێشتا لەناو ئۆفیسەكەدا ماونەتەوە.
سەنتەری میترۆ ئاماژەشیكردوە كە كەناڵی زوم مۆڵەتی لە دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق و حكومەتی هەرێم وەرگرتوە، بۆیە داوا لە سەرۆكی یەكێتی دەكەن فەرمان دەربكات هێزەكە بیناكە چۆڵ بكات و رادەستی ئیدارەی كەناڵەكەی بكاتەوە.