نەوا-
بەپێی بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق تەنها چەند كاتژمێرێك ماوە بۆ ئەوەی هەولێرو بەغدا لەبارەی دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت و داهاتی نانەوتی رێكبكەون.
لە لێدوانێكدا كاروان یاروەیس بڕیاردەری فراكسیۆنی یەكێتی لەئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق بە سایتی فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە: بڕیارە رۆژی سێشەممە 9/9 ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق كۆبێتەوە هاوكات دوا مۆڵەتیشە بۆ رێككەوتنی هەولێرو بەغدا لەسەر پرسی رادەستكردنی داهاتی نانەوتی و هەناردەكردنەوەی نەوت.
راشیگەیاندوە: بەشێكی هۆكاری رێكنەكەوتنەكە ئەوەیە حكومەتی هەرێم و فیدراڵ لێكدانەوەی جیاوازییان هەیە بۆ داهاتی نانەوتی بەجۆرێك حكومەتی هەرێم پێیوایە دەبێت لە ٪50ی داهاتی نانەوتی فیدراڵی رادەست بكات لەبەرامبەریشدا حكومەتی عیراق پێیوایە پێویستە لە ٪50ی كۆی داهاتی نانەوتی بداتە عیراق، لەكاتێكدا یاسای بەڕێوەبردنی دارایی رونیكردوەتەوە كە هەرێم چۆن داهاتی نانەوتی رادەست بكات.
یاروەیس لەبەشێكی تردا رایگەیاندوە، بەشێكی تر لەكێشەكان پرسی هەناردەكردنەوەی نەوتە كە پەیوەندی بە كۆمپانیاكانەوە هەیە چونكە پێشتر لەگەڵ هەرێمدا گرێبەستیان هەبوە لەئێستاشدا داوا دەكەن گرێبەستێكی نوێ لەگەڵ بەغداو هەرێم بكەن و لەژێر هەندێك فشاردا عیراقیش بەمە رازی بوە ئەوەی ماوەتەوە شێوەی رێككەوتنەكەو نوسینەوەی رەشنوسەكەیە، ئەگەر هەرێم و بەغدا نەگەنە رێككەوتن ئەوا كێشەكە روبەڕوی دادگای فیدراڵی دەبێتەوە بەمەش خەڵكی هەرێمی كوردستان لێی زەرەرمەند دەبن بەوپێیەی كاتێكی زۆری پێدەچێت.
ئەم لێدوانە لەكاتێكدایە نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عیراق بڵاویكردەوە كە محەمەد شیاع سودانی بەسەردانێك بەرەو برۆكسل بەڕێكەوتوە بەمەبەستی پێشكەشكردنی وتارێك لە بەردەم هاوپەیمانی ناتۆ.