نەوا-
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێم دەڵێت، بۆ یەكەمینجار لە مێژودا گرفتی ئاوەڕۆی هەولێر چارەسەر دەكرێت.
وەزارەتی شارەوانی لە راگەیەنراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، گرێبەستی بەشی یەكەمی پرۆژەی وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر بەبڕی 195 ملیۆن دۆلار واژۆ كراو لەوبارەیەشەوە ساسان عەونی وەزیری شارەوانی رایگەیاندوە: بڕیاردراوە هەر حەوت بەشەكەی دیكەی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر ئەركی حكومەتی هەرێم و لەلایەن كۆمپانیای خۆماڵییەوە بەكوالێتی بەرزو ستانداردی جیهانی دروستبكرێت، بۆ یەكەمینجاریش لە مێژودا گرفتی ئاوەڕۆی هەولێر لەسەر دەستی حكومەتی هەرێم چارەسەر دەكرێت.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە كە لە میانی رێوڕەسمی واژۆكردنی پڕۆژەی دروستكردنی بەشێك لە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر وەزیری شارەوانی وتویەتی: گرێبەستی پڕۆژەی دروستكردنی بەشێك لە وێستگەی چارەسەری ئاوەڕۆی هەولێر كە بە پڕۆژەی قەرزی نێوان حكومەتی عیراقی فیدڕاڵ و حكومەتی ژاپۆن ناسێنراوەو بڕەكەی نزیكەی 230 ملیۆن دۆلارە لەڕێگە ئاژانسی جایكاوە جێبەجێ دەكرێت.
راشیگەیاندوە، ئاوەڕۆی رژاوی رۆژانەی هەولێر بریتییە لەنزیكەی 318 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورس لەڕۆژێكدا، دیزاینی ئامادەكراو بۆ وێستگەی چارەسەری ئەو قەبارە زۆرە لە ئاوەڕۆ ئامادەیەو بەسەر هەشت فەیسدا دابەشكراوە، هەر فەیسێكیش بەسەر دوو بەشدا دابەشكراون كە كۆی پڕۆژەكە لە 16 بەش پێكدێت كە هەر بەشێك توانای چارەسەری 52 هەزار مەتر سێجا ئاوی قورسی لە رۆژێكدا هەیە.