بەرگریی شارستانیی سلێمانی چەند رێنماییەكی لەبارەی مەترسیەكانی دوای لافاو بڵاوكردەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
بەرگریی شارستانیی سلێمانی لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند، مەترسییەكانی لافاو تەنیا لە كاتی بەرزبوونەوەی ئاوەكەدا نین، بەڵكو دوای كشانەوەی ئاوەكە، قۆناغێكی زۆر هەستیار و مەترسیدار دەستپێدەكات، تكایە پێش ئەوەی دەست بە پاككردنەوە بكەن، یان بچنەوە ناو ماڵەكانتان، ئەم رێكارانە یەك بە یەك جێبەجێبكەن:
-1 مەترسیی كارەبا (مەرگی شاراوە)
پێش چوونەژوورەوە، دڵنیابەرەوە كە كارەبای سەرەكی كوژاوەتەوە، تەنانەت ئەگەر كارەبا نەبێت، دەست لە هیچ سویچ و پلاكێك مەدەن كە تەڕ بێت. ئامێرە كارەباییەكان (سەلاجە، مجەمیدە و تەلەفزیۆن) كە ئاوی تێچووە، بەهیچ شێوەیەك هەڵمەكەنەوە، تاوەكو تەكنیككاری شارەزا وشكیان دەكاتەوە، چونكە مەترسیی شۆرتی كارەبا هەیە.
-2 پشكنینی پێكهاتەی خانوو
سەیری بنمیچ (سەقف) و دیوارەكان بكەن، ئەگەر هەر درزێك، یان دابەزینێكتان بەدیكرد، بەهیچ شێوەیەك مەچنە ژوورەوە و دەستبەجێ پەیوەندی بە تیمەكانمانەوە بكەن. ئاوی لافاو بناغەی دیوارەكان لاوازدەكات.
-3 ئاگاداری خشۆك و گیانلەبەرە زیانبەخشەكان بن
لافاو هەمیشە مار، دووپشك و مشك لەگەڵ خۆی دەهێنێت، یان ناچاریان دەكات بچنە شوێنە وشك و بەرزەكان (وەك ناو دۆڵاب، سەر رەفەكان و ناو جێگەوبان)، بەبێ رووناكی و بەبێ بەكارهێنانی دارێك بۆ پشكنینی ناو كەلوپەلەكان، دەست مەبەن بۆ هیچ شتێك.
-4 مەترسیی غاز
ئەگەر بۆنی غازت كرد یان دەنگی دزەكردنی غاز هات، هیچ شتێك دامەگیرسێنە (تەنانەت لایت و مۆبایلیش) و بەپەلە دەرگا و پەنجەرەكان بكەرەوە و شوێنەكە بەجێبهێڵە.
-5 تەندروستی و پاككردنەوە
ئاوی لافاو تێكەڵە بە ئاوی زێراب، پیسایی و ماددەی كیمیایی، بەبێ دەستكێش و جزمەی لاستیك، دەست بە پاككردنەوە مەكەن. هەر خۆراكێك یان دەبەی ئاو كە بەر ئاوی لافاوەكە كەوتبێت، دەبێت فڕێبدرێت، تەنانەت ئەگەر لەناو قوتووشدا بێت، چونكە هەڵگری بەكتریان. ئەو كەلوپەلانەی (فەرش و دۆشەك) كە تەڕ بوون، ئەگەر بە باشی وشك نەكرێنەوە و تەعقیم نەكرێن، دەبنە هۆی دروستبوونی كەڕوو، بۆ سییەكان مەترسیدارە.
-6 شوشە و بزماری ژێر قوڕ
بەپێی پەتی مەڕۆن، زۆرجار ئاوی لافاو شوشەی شكاو، بزمار و ئاسنی تیژی هێناوە و لەژێر قوڕەكەدا شاردراونەتەوە.