نەوا-
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق ڕایگەیاند، دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافە لە دۆسیەیەكی گەندەڵیدا توانیویەتی زیاتر لە بڕی 89 ملیار دینار بگەڕێنێتەوە خەزێنەی گشتی وڵات.
ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق لە ڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، دادگای لێكۆڵینەوەی رەسافە كە تایبەتە بە دەستپاكی و سپیكردنەوەی پارە و دۆسیەكانی تاوانی ئابوری، توانیویەتی بڕی 89 ملیار و 195 ملیۆن و 330 هەزار و 861 دینار گەڕاندەوە بۆ خەزێنەی گشتی وڵات.
باسی لەوەشكردووە، ئەو پارانە لەلایەن دەستەی تانەدان وەرگیراوەتەوە، كە بۆ پێداچونەوە بە تانەدان لە بڕیارەكانی كۆمیسیۆنی پەیوەندییەكان و ڕاگەیاندن پێكهێنراوە.
لای خۆشیەوە،دادگەی لێكۆڵینەوەی دوەمی كەرخ سەرەتای ئەم هەفتەیە ڕایگەیاندبوو، كۆی گشتیی ئەو پارەیەی لە دۆسیەكانی تایبەت بە تاوانەكانی سپیكردنەوەی پارە دەستیان بەسەرداگیراوە، گەیشتوەتە 93 ملیار و 668 ملیۆن و 979 هەزار و 124 دینار.
دادگەی لێكۆڵینەوەی كەرخ رونیشیكردۆتەوە، رێكارەكانی لێكۆڵینەوەی دارایی توندتر كردوەتەوە، ئەوەش بوەتە هۆی زیادبونی ژمارەی ئەو دۆسیانەی كە بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی سپیكردنەوەی پارە و پاڵپشتیی دارایی تیرۆر ژمارە 39ـی ساڵی 2015 تۆماركراون.