بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر: دەبێت مافەكانی كورد لە دەستووردا بچەسپێنرێن

4 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەری دیموكراتیی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا لە ڕاگەیەندراوێكدا وەڵامی ئەو مەرسوومەی دایەوە كە لەلایەن ئەحمەد شەرع، سەرۆكی حكوومەتی كاتییەوە دەرچووە و تایبەتە بە مافەكانی گەلی كورد.
لە ڕاگەیەندراوەكەدا باس لەوەكراوە، دەركردنی هەر مەرسوومێك، هەرچەندە نیازەكەشی باش بێت، ناتوانێت ببێتە زەمانەتێكی ڕاستەقینە بۆ پاراستنی مافی پێكهاتەكانی سووریا، مەگەر نەبێتە بەشێك لە چوارچێوەیەكی دەستووریی گشتگیر.
 بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەخت لەوە دەكاتەوە، مافەكان تەنیا لە ڕێگەی دەستوورێكی هەمیشەییەوە دەچەسپێن كە گوزارشت لە ئیرادەی هەموو پێكهاتەكان بكات.
سەبارەت بە هەڵسەنگاندنیان بۆ مەرسوومەكەی شەرع، بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر باس لەوەدەكات، ئەگەرچی دەكرێت وەك هەنگاوێكی یەكەم سەیر بكرێت، بەڵام وەڵامدەرەوەی خواست و ئومێدەكانی گەلی سووریا نییە كە قوربانییەكی زۆری لەپێناو مافە ڕەواكانیدا داوە.
هەروەها،  ئاماژە بە پەیماننامەی كۆمەڵایەتی كراوە و داوای داڕشتنی دەستوورێكی دیموكراتیی فرەیی كراوە كە پارێزەری مافی سەرجەم ئایین و پێكهاتەكان بێت.
بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر جەختیشیكردەوە، چارەسەری ڕیشەیی بۆ پرسی كورد و ماف و ئازادییەكان لە سووریا، تەنیا لە ڕێگەی دیالۆگێكی نیشتمانیی گشتگیر و دەستوورێكی دیموكراتیی لامەركەزییەوە دەبێت كە بنەمای هاوبەشیی ڕاستەقینە و دادپەروەریی كۆمەڵایەتی دابنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group