نەوا-
ڕۆژنامەی "كەیهان"ی نزیك لە ڕێبەری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران، لیستی 9 مەرجی سەرەكی تارانی بۆ ڕاگرتنی شەڕ و كۆتاییهێنان بە گرژییەكانی ناوچەكە بڵاوكردەوە.
ئەو رۆژنامەیە ئاشكراشیكردوە، مەرجەكان چەندین لایەنی سەربازی، ئابووری و سەروەریی نیشتمانی لەخۆدەگرن كە گرنگترین خاڵەكانی ناو مەرجەكان بریتیە لە:كشانەوەی ئەمریكا: داوای كشانەوەی تەواوی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە و نەمانی بنكە سەربازییەكانیان لە ڕۆژئاوای ئاسیا دەكرێت.
سەروەریی دەریایی: چەسپاندنی دەسەڵاتی تەواوی ئێران بەسەر گەرووی هورمزدا و جێبەجێكردنی سیستەمێكی یاسایی-ئابووریی تایبەت بۆ هاتوچۆی كەشتییەكان لەژێر چاودێری تاراندا.
پشتگیری بەرەی موقاوەمە: ڕاگرتنی دەستبەجێی هێرشەكان بۆ سەر عێراق، لوبنان و تەواوی "بەرەی موقاوەمە".
سزا و دارایی: هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم سزاكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەمریكا، لەگەڵ گەڕانەوەی دەستبەجێی داراییە بلۆكەكراوەكانی ئێران لە وڵاتانی دەرەوە.
قەرەبووكردنەوە: ناساندنی ئەمریكا و ئیسرائیل وەك "دەستدرێژیكار" و پێدانی قەرەبووی زیانەكان بە ئێران.
سێ دوورگەكە: كۆتاییهێنان بە بانگەشەكانی ئیمارات بۆ خاوەندارێتی سێ دوورگەكە (تونبی گەورە، بچووك و ئەبوموسا) لە ڕێگەی بەیاننامەی فەرمییەوە.
كشانەوە لە ئاژانسی ئەتۆم: ئێران بەهۆی مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی بڕیاری كشانەوە لە ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەدات.
لە كۆتایشدا ئاماژە بەوەدراوە، ئەم مەرجانە لە كاتێكدا بڵاودەبنەوە كە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكە گەیشتوونەتە ئاستێكی باڵا، و تاران بەم هەنگاوە دەیەوێت سنوورێكی نوێ بۆ هەر جۆرە گفتوگۆیەكی داهاتوو دابنێت.