نێچیرڤان بارزانی بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردەی عێراق پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عێراق كرد

5 کاتژمێر پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكی هەرێمی كوردستان پەیامێكی پیرۆزبایی ئاراستەی گەلی عێراق و هەڵبژاردەی نیشتمانیی تۆپی پێ كرد بەبۆنەی سەركەوتنیان بۆ مۆندیالی 2026.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی "ئێكس" رایگەیاند، بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردەی عێراق بۆ مۆندیالی 2026 دوای بردنەوەی لە هەڵبژاردەی پۆلیڤیا بە دوو گۆڵ بەرانبەر بە یەك گۆڵ لە مەكسیك، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی سەرجەم رۆڵەكانی گەلی عێراق و وەرزشوانان و یاریزانانی هەڵبژاردەكە دەكەم.
باسی لەوشەكرد، ئەم دەسكەوتە مێژووییە دوای چاوەڕوانییەكی 40 ساڵە هاتووەتە دی، هەروەها مژدەیەكی خۆش و جێگەی شانازییە بۆ هەموو عێراقییەكان.
لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەیدا نێچیرڤان بارزانی، دەستخۆشی لە سەرجەم ئەندامانی هەڵبژاردەكە دەكات كە بەهۆی هەوڵ و دڵسۆزییانەوە خەونی گەیشتن بە مۆندیالیان كردە راست.
لە كۆتاییدا، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هیوای سەركەوتنی بەردەوامی بۆ هەڵبژاردەی عێراق لە مۆندیال خواست، هاوكات ئومێدی خواست ئەم بردنەوەیە ببێتە هاندەرێك بۆ بەدیهێنانی تەبایی و خۆشی بۆ هەموو لایەك.
مۆندیالی 2026 بە هاوبەشی لە سێ وڵاتی كیشوەری ئەمریكای باكوور بەڕێوە دەچێت و هەریەك لە ئەمریكا، كەنەدا و مەكسیك میوانداریی یارییەكان دەكەن. 


شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group