لە ئەمرۆوە حاجیانی هەرێم دەتوانن دوو هەزار دۆلار بە نرخی رەسمی وەرگرن
12 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
كاروان ستونی وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، حاجییان دەتوانن لە ئەمڕۆوە سەردانی بانكی جیهان و نوسینگەكانی ئاڵوگۆڕی دراو لە جۆرەكانی (A-B) بكەن بۆ وەرگرتنی بڕی دوو هەزار دۆلار بە نرخی رەسمی، كە ئەمەش وەك هاوكارییەك زیاتر لە 450 هەزار دینار سوود بە هەر حاجییەك دەگەیەنێت.
ئاماژەی بەوەشكردووە، سەبارەت بە مەرج و پێداویستییەكانی وەرگرتنی ئەو بڕە پارەیە، پێویستە هەر حاجییەك پاسپۆرت و ڤیزەی حەجی پێ بێت، لەگەڵ ئامادەكردنی بڕی دوو ملیۆن و 665 هەزار دیناری عیراقی.
وتەبێژی حەج وعومرە باسی لەوەشكرد، لە رێگەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێمەوە، فڕۆكە بۆ ئەو حاجییانە دابینكراوە، كە لە دەروازەی عەرعەرەوە گەشت دەكەن تاوەكو راستەوخۆ بیانگەیەنێتە شاری جەددە لە سعودیە.
جەختی لەوەشكردەوە، كە زۆرینەی كارە كارگێڕییەكان تەواو كراون و ئامادەكارییەكان بۆ دەستپێكردنی گەشتەكان لە قۆناغی كۆتاییدان.