نەوا-
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی بەبۆنەی دەرچونی بڕیاری سزای لە سێدارەدان بۆ عەجاج تكریتی بەڕێوەبەری زیندانی نوگرە سەلمان لەسەردەمی رژێمی بەعسدا، پیرۆزبایی لە كەسوكاری شەهیدان و جینۆسایدكراوان و سەرجەم خەڵكی كوردستان كرد.
لەبەشێكی پەیامەكەیدا بەڕێوەبەرایەتی گشتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی سلێمانی بڵاویكردوەتەوە، عەجاج تاوانبارێكی گەورەی پرۆسەی ئەنفال و جینوسایدكردنی گەلی كوردستانە چونكە بەشێوەیەكی زۆر دڕندانە هەڵسوكەتی لەگەڵ بێتاوانەكان كردوە یەكێكە لەو ئەفسەرە بێوێژدانانەی هەمیشە خولیای خوێن مژینی مرۆڤ و چەوساندنەوەی كۆمەڵگەو مرۆڤە ئازادیخوازەكان بوە.
راشیگەیاندوە، سوپاسی دادگای باڵای رسافە دەكەن كە بە شێوەیەكی زۆر دادپەروەرانە بە ئەركەكانی خۆی هەستاوە سزای لە سێدارەدانی بەشیاوی ئەو تاوانبارە زانیوەو بەشێك لە ئازارو دڵتەنگی ئێمەو كەسوكاری شەهیدانی كەمكردەوە.