بەرگری دژی كۆرۆنا زۆر لەوە زیاتر ئەمێنێتەوە، كە بیری لێ ئەكەینەوە

د.داهات حەوێزی

28/11/2020

لە سەرەتای سەرهەڵدانی كۆرۆنا، زانایان وایاندەزانی ئەو كەسانەی تووشی كۆرۆنا بوون، زوو تووشی كۆرۆنا ئەبنەوە، چونكە دژەتەنەكانیان لە خوێندا نامێنێ (دژەتەنی IgG)، بەڵام ئێستا هاتونەتە سەر ئەو قەناعەتەی، كە بەرگری دژی كۆرۆنا تەنها وابەستە نیە بەو دژەتەنانە، بەڵكو سیستەمی بەرگری، هەندێك خانەی تایبەتی هەیە پێیان دەوترێت (خانە بیرەوەریەكان Memory cells)، كە فرمانیان ناسینەوەی ئەو ڤایرۆس و بەكتریایانەیە، كە پێشتر هێرشیان كردۆتە سەر جەستە، بەمەش لەش زووتر ئەو هەڕەشانە لەناو دەبات.
زۆر توێژینەوە لە زانكۆكانی ئوسترالیا و ئەمریكا ئەوەیان دەرخستوە، كە خانە B-Cellــەكانی تایبەت بە بەرگری، بەلایەنی كەمەوە تا 8 مانگ ئەمێنێتەوە.
لێكۆڵینەوە تازەكان لە زانكۆكانی ئۆكسفۆرد لە بەریتانیا و ووهان لە چین، ئەوەیان دەرخستوە خانە T CELLــەكانی تایبەت بە لەناوبردنی خانە توشبوەكانی جەستە، تا 9 مانگیش دوای توشبونی یەكەم لە جەستەی توشبوەكان ماوە، بەمەش بەلایەنی كەمەوە تا ئەوكاتە پارێزراو دەبن.
تا ئێستا زیاتر لە 60 ملیۆن كەس لە جیهاندا توشی كۆرۆنا بوون، بەڵام تەنها 26 حاڵەتی دووبارە توشبونەوە تۆمار كراوە، بۆیە دەڵێین دوبارە توشبونەوە زۆر دەگمەنە، بەتایبەتی بۆ ئەو كەسانەی، كە دوای توشبونیان بە ڤایرۆسەكە، بەرگری دروست دەكەن.
كەواتە بەرگری دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا لەوانەیە تا ساڵێك بمێنێتەوە دوای یەكەم توشبون، لەگەڵ ئەوەشدا ئەو كەسانەی، كە دوای چاكبونەوە لە كۆرۆنا، دیسان نیشانەكانیان لێ دەرئەكەوێتەوە، پێویستە دیسان لەژێر سەرپەرشتیی پزیشكی پسپۆر چارەسەر وەرگرن، بۆ ئەوەی حاڵەتەكانیان لێ خراپتر نەبێت.
"بەهیوای سەلامەتی و لەشساغی بۆ هەموو لایەك".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group