ژیانێكی بێدەنگ لە سەردەمی ژاوەژاودا

خالید عومەر

24/12/2022

رەنگە تۆش كەوتبیتە ناو ئەم گێژاوەوە! ملیارو نیوێك مرۆڤ، لە رۆژێكدا ٨٥ جار دەست دەبەن بۆ مۆبایلەكانیان و  نزیكەی دوو كاتژمێریش فەیسبووك بەكاردەھێن! دنیای دیجیتاڵ نەك ھەر "كات"، بەڵكو "سەربەخۆیی"شی لێ سەندوینەتەوەو ناھێڵێت ئەو كارانە بكەیت كە پێویستن! بەڵام دەتوانیت بڕیار بدەیت ئەمە سروشتی ژیان و رێگەی داھاتووت نەبێت، بۆئەمەش پسپۆڕان رێگەچارەی دەرونی و تەكنیكییان داناوە كە وادەكات لەناو ئەم ژاوەژاوەدا ژیانێكی بێدەنگ ھەلبژێریت!

ئێمە بۆ ئەم مەبەستە نەھاتبوین!
ئەوەی ئێستا لە فەیسبووك پێوەی سەرقاڵیت، یان بە ئایفۆنەكەت ئەنجامی دەدەیت، ئەو ئامانجە نییە كە فەیسبووكی بۆ دامەزراو ئایفۆنی بۆ دروستكرا! فەیسبووك سەرەتا وەك پێگەیەك بۆ یەكترناسین و پەیوەندیبەستن دامەزرا، وەكو ئێستا خزمەتگوزاریەكانی فراوان نەبوون و بەكارھێنەرانیشی لەكاتی بەتاڵیداو تەنانەت دوای تەواوبوون لە یاریكردن بەكاریان دەھێنا. 
ستیڤ جۆبس لە ئاھەنگی ناساندنی ئایفۆن لە ساڵی ٢٠٠٧، ئاماژەی بەوەكرد كە ئەم ئامێرە نوێیە كۆكەرەوەی ئای پۆدو مۆبایلە، رزگارت ئەكات لەوەی زیاتر لە ئامێرێك بخەیتە گیرفانتەوە، بەشێكی زۆری قسەكانی تەرخانكرد بۆ باسی خاسیەتە میدیاییەكانی وەك كارپێكردنی دەنگ و ڤیدیۆ. باسی لەوەشكرد كە چیتر جێگەی كیبۆرد وەك بەشێكی پلاستیكی لەناو ئایفۆندا نەماوەو گۆرانكاری لە نامەنوسیندا كراوەو نامەی دەنگیش ئاسانتر كۆنترۆڵ دەكرێت. ئاندی گریگنۆن كە یەكێبووە لە ئەندامە سەرەكیەكانی تیمی ئایفۆن لەوكاتەدا، دەڵێت ئامانجمان ئەوەبوو ئایفۆن بكەینە ئامێرێك كە ھەم پەیوەندی تەلەفۆنی پێبكرێت، ھەم مۆسیقای پێ لێبدرێت! 
ئەوكات خەڵك كە ئایفۆنیان دەكڕی، (ئەپ ستۆر)ی تێدا نەبوو، نۆتیفیكەیشنی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانیان بۆ نەدەھات، بەدەم نانخواردنەوە دە جار دەستیان بۆ مۆبایلەكانیان نەدەبرد، بەڵام وەك دەبینن ئێستا چیرۆكەكە تەواو جیاوازە، ئایفۆن و فەیسبووك بۆ ئامانجگەلێك بەكاردەھێرێن كە ھیچ پەیوەندییان بەسەرەتاكانیانەوە نەماوە! بۆ مەبەستێكی تر ھاتین و لەناو گێژاوێكدا ون بوین! تۆ ئێستا كە رۆژانە چەند كاتژمێرێك بەدیار مۆبایلەوە بەسەردەبەیت ھی ئەوە نییە كە تەمبەڵیت، بەڵكو ھی ئەوەیە كەسانێك بە ترلیۆن دۆلاریان سەرف كردووە تا ئەمە رووبدات! تریستن ھاری، ھاودامەزرێنەری گوگڵ لە دیمانەیەكی تەلەفزیۆنیدا مۆبایلەكەی بەرزكردەوەو وتی ئەمە ئەو چاڵەیە كە كۆمپانیاكان لەوێوە فڕێت دەدەنە ناو دونیایەكی ناسروشتییەوەو ھەوڵدەدەن تا بتوانن زیاتر لەناویا بتھێڵنەوە، چونكە ئەمە ئەو شوێنەیە كە ئەوان پارەی تیا پەیدا دەكەن! فەیسبووك بۆئەوە دامەزرا تا پەیوەندییە كۆمەڵایەتیەكان زیادو پتەو بن، ئەمرۆ لێكۆڵینەوەكان سەلماندویانە كە: ئەوانەی فەیسبووك زۆر بەكاردەھێنن، زۆرتر توشی تەنھایی بوون! 
چەند تەڵەیەك بۆ توشبوون بە گرفت و نەخۆشی دەرونی
ئەگەرچی خوگرتن (ئیدمان) پێشتر تەنھا بۆ شتە بەرجەستەكانی وەك كحول و جگەرە بەكاردەھات،
بەڵام لە ساڵی ٢٠١٠ و دواتر لە لە ٢٠١٣ لە جۆرناڵ و سەرچاوە زانستیەكانی ئەمریكادا، خوگرتن بە ھەندێك لە ماڵپەرەكانەوە وەك نەخۆشی دەرونی "رەفتاریی" ناوبرا.
با ئەمە زیاتر رونبكەینەوە. خوگرتن لە سادەترین پێناسەدا بریتییە لە بەكارھێنانی شتێك یان ئەنجامدانی رەفتارێك و دووبارەكردنەوەی بە بەردەوامی، چونكە ئەمە دەبێتەھۆی چێژبەخشین و رازیكردنی ئەنجامدەر ھەرچەندە كارەكەی لە بنەرەتەوە زیانبەخشە! تۆرە كۆمەڵایەتیەكان بە مەبەست وادروستكراون كە خوگرتن زیاد بكەن! ئەمرۆ لە فەیسبووكدا خەڵكانێك خویان گرتووە بە قومارێكەوە، پۆستێك دەكەن و چاوەڕێی لایك و كاردانەوەو كۆمێنتی خەڵكن، ئەگەر لایك و كۆمێنتیان بۆ ھات دڵخۆش و بە پێچەوانەشەوە خەمبار دەبن، لەمكارەش بەردەوامن. ھاوكات لایك و كۆمێنت وەك قبوڵكردن یان رەتكردنەوە لەلایەن كۆمەڵگەشەوە سەیردەكرێت! شارەزایان پێیان وایە دەرئەنجامە دەرونیە مەترسیدارەكانی ئەم خوگرتنە، بەتەواوی نازانرێت، بەڵام كەمترە لە كاریگەری خوگرتن بە مادە كیمیاییەكانەوە.
بەھەمانشێوە تاگ كردن دەبێتە ھۆیەك بۆ كێشەی كۆمەلایەتی و دەرونی. تاگ كردن وەك ئەوەیە بڵێیت فەیسبووك رێگەیەكی داناوە تا بزانێت كێ تۆی لەبیرە! كاتێك وێنەیەك دادەنێیت لەرێگەی (ئەلگۆریسمەوە) دەموچاوەكانی ناو وێنەكە دەناسرێنەوەو بژاردەی ئەوەت پێدەدات كە تاگیان دەكەیت یان نا؟ بە مانایەكی تر ئایا ئەوانت لەبیرە یان نا؟ لە رووی تەكنیكییەوە دەكرا ئەم تاگ كردنە خۆكرد بێت و راستەوخۆ بەرنامەكە بۆت بكات، بەلام بژاردەی بەڵێ و نەخێری داناوە تا دڵنیابێت لەوەی پەیوەندیەكەتان ماوە یان نا، بەھەمانشێوە بۆ بەرامبەریش بژاردەی ھەیە كە دەیەوێت وێنەكە لای ئەویش دەربكەوێت یان نا، ئەمەش جۆرێكە لە قبوڵ و رەتكردنەوە لەلایەن ئەوانی ترەوە! جگە لەمەش دیزاینكردنی ئەم بابەتە بەمشێوەیە وادەكات نۆتیفیكەیشن بۆ بەشداربوان زیاتر بڕوات كە ئەمەش جارێكی دیكە بەكارھێنان و ئیدمان زیاتر دەكات.

بەڵێ بەبێ تەكنەلۆژیا باشتر ئەژیت!
ئەرستۆ وتویەتی: مرۆڤ بە سروشت بونەوەرێكی كۆمەڵایەتییە. واتە خۆمان بە یارمەتی مێشك و بەبێ ئامێر ئەتوانین پەیوەندی كۆمەڵایەتی دروست بكەین، ئەبێ دڵتەنگ بین بەوەی كە كۆمەڵێك ئەپ خەریكن سروشتی مرۆڤانەی خۆمان لێ دەسەننەوەو رێگەیەكی تریان بۆ پەیوەندیەكانمان داناوە. 
ماتیۆ لیبەرمانی دەرونزان دەڵێت؛ گەشەی مێشك لە ملیۆنان ساڵی رابردوودا بۆ ئەوە نەبووە كە بگات بەوەی كاتە زیادەكان بە شتێكەوە بەسەر ببەین كە پەیوەندی بە ژیانەوە نەبێت!. مێشك خۆی دەتوانێت نەخشەی پەیوەندی كۆمەڵایەتی بەھێزو جۆراوجۆر بكێشێت.
وەك پێشتر وتمان، تۆرە كۆمەلایەتیەكان زیانیان بۆ مرۆڤ و پەیوەندیە كۆمەڵایەتیەكانی ھەبووە، لێرەشدا بە خستنەرووی دوو نمونە پاڵپشتی بۆچونەكە دەكەین.
توێژینەوەیەكی زانكۆی پیتسبێرگ كە لە لایەن برایان پریماركەوە ئەنجامدراوە گەشتووە بەم ئەنجامە: تا زیاتر لەخەت بیت (كۆنێكت بیت لە تۆرە كۆمەلایەتیەكان) زیاتر بەرەو تەنھایی دەچیت!
بەگوێرەی توێژینەوەكی زانكۆی كالیفۆرنیا كە ھۆڵی شاكی ئەنجامیداوە: بەكارھێنانی فەیسووك كاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ جێدەھێڵێت. 
ھەردوو توێژینەوەكە راستییەكان دوپات كردۆتەوە: تا زیاتر ئۆنلاین بیت، پەیوەندیە ئۆفلاینەكانت كەمتر دەبنەوە. جا لەبەرئەوەی مرۆڤ لە بنەرەتەوە بۆ پەیوەندی ئۆفلاین دروست بووە، بە پەیوەندی ئۆنلاین دەڕوخێت!

دانانی سنورێك بۆ تەكنەلۆجیا
زیانەكانی ئامێرەكانی پەیوەندی بە گشتی و تۆرە كۆمەلایەتیەكان بەتایبەتی، لەوە زیاترە كە باسكرا یان لێرەو لەوێ شتێكمان لەبارەیەوە خوێندۆتەوە، ھەربۆیە پێویستە بەكارھێنانی سنوردار بكرێت. ھەركات باسی سنورداركردنی تەكنەلۆجیا دەكرێت خەڵكانێك ئەمكارە بە مەحاڵ دەزان بەپاساوی ئەوەی كە  بووەتە پێویستییەكی رۆژانە، بەلام لەراستیدا ئەوەی دەبینرێت بەكارھێنانەكە لە پێویست زۆر زیاترە.
لەمبارەیەوە ئێستا زاراوەی كەمگەرایی دیجیتاڵی (دیجیتاڵ مینیماڵیزم) * ھاتۆتە ئاراوە. كەمگەرایی دیجیتاڵی: فەلسەفەیەكی بەكارهێنانی تەكنەلۆژیایە، بەو مانایەی كاتەكانی ئۆنلاینمان لە ژمارەیەكی كەم لەو چالاكییە باش و بە وردی هەڵبژێردراوانەدا  چڕ بكەینەوە كە بە توندی پشتگیری لەو شتانە دەكەن كە لای ئێمە بەھایان ھەیە، ھەروەھا بە خۆشحاڵییەوە واز لە ھەموو چالاكیەكانی تر دەھێنین. رونتر بدوێین: كاتێكی كەم دیاریدەكەین بۆ بەكارھێنانی تەكنەلۆژیا، لەمكاتەشدا ئەو شتانە دەكەین كە خۆمان ھەلمانبژاردووەو بەلامانەوە باشە، وە خزمەت بەو بەھایانە دەكەن كە باوەرمان پێیەتی یان گرنگن، لەھەمانكاتدا بێ دودڵی و بێتاقەتیی واز لە ھەموو شتە ناپێویست و  زیادەكانی تر دەھێنین.
بۆ نمونە، لەجیاتی ئەوەی ئەپەكان نۆتیفیكەیشن بنێرن و راتكێشنە ناو تۆرەكەو چیان ئەوێ پێت بكەن، تۆ ئەپەكەو كات و مەبەستی بەكارھێنانی دیاریدەكەیت!

بۆ دەبێت ئەمكارە بكەین؟
كەمگەرایی یان مینیماڵیزمی دیجیتاڵی گرنگە، چونكە:
 • سەرقاڵیی، زەرەری لە قازانجی زیاترە! ئێمە ھەموو 'كات' و 'تەركیز'ی خۆمان لە مۆبایل و ئەپ و خزمەتگوزاریەكانیاندا خەرج كردووە، لە بەرامبەردا ئەوەی بەدەستمانھێناوە كەمترە لە تێچونەكەی!
 • ھەمیشە چاكسازی لە ژیاندا گرنگە!
 • ئەو كارەی بەمەبەست ئەیكەیت دڵ و مێشك رازی دەكات. كاتێك خۆمان بەرنامە بۆ بەكارھێنانی تەكنەلۆجیا دادەنێین، رەزامەندی خود بەرامبەر ئەنجامەكانی زیاترو دڵخۆشكەرن و سودەكەشی زیاترە.

ئەم ھەنگاوانە بنێ
بۆ كەمگەرایی دیجیتاڵی، پێویستمان بە ئامادەكاریی زیھنییە، سەرەتا ئەم ھەنگاوانە گرنگن
یەكەم؛ یاسای بەكارھێنانی تەكنەلۆجیا دابنێ. بڕیار بدە كە ئەو ئامێرو ئاپ و خزمەتگوزاریانەی بەكاریدەھێنیت كارێكی ئارەزومەندانە بێت و دوركەوتنەوە لێیان وەك كەلێن لە ژیانتدا سەیر نەكەیت.
دووەم؛ خۆت لە ژەھری دیجیتاڵ پاك بكەرەوە، ھاوشێوەی ئەوانەی كیتۆ دەكەن و بۆ پاكبوونەوەی جەستەیان شەكر ناخۆن، بۆ كەمگەرایی دیجیتاڵیش ئەم ھەنگاوە بەسودە. یەكسەر بڕیار بدەو یەك مانگ تۆرە كۆمەلایەتیەكان بەكارمەھێنە، ئیسراحەتێك بە مێشكت بدەو بیر بكەرەوە دوای ئەوەی كە گەڕایتەوە چی گرنگە بیكەیت.
سودی دوركەوتنەوە لەوەدایە كە دەتوانی بیربكەیتەوە بەشێوەیەك كاریگەری ئەوانی ترت لەسەر نەبێت، بیرۆكەی تازەت بۆ دێت، ھەستەكانت رێك و سروشتی دەبنەوە، كەمتر لەژێر كاریگەری بەرامبەردا دەبن، كاتی زیاترت ئەبێت بۆ قسەوباس لەگەڵ كەسە نزیكەكانت.
سێھەم؛ دوای بڕیارو بیركردنەوەكەت، دوای پاكبوونەوەت لە ژەھرو دوركەوتنەوەكەت، ئێستا لە سەرەتایەكی نوێوە دەستپێبكەرەوە، چۆن؟ لە بڕگەی داھاتوو باسی دەكەین.

بەرنامەی بەكارھێنانی تەكنەلۆجیا
 • رێكخستنەوەی ئامێرەكان؛ ئامێرەكان بۆ یەك مەبەست بەكاربھێنە، ئەگەر لە شوێنی كارەكەت كۆمپیوتەر بەكاردەھێنیت، ھەوڵبدە لەوێوە سۆشیال میدیاكان بەكار نەھێنیت، ئەو كارە تەنھا بە مۆبایل بكە، بەمشێوەیە كەمێك لەو تۆرانە دوردەكەویتەوەو زیاتر تەركیزت لەسەر كارەكەت دەبێت.
 • رێكخستنەوەی ئەپەكان: لە ناو مۆبایلەكەتدا ئەو ئەپانەی ھاوشێوەی یەكن تەنھا یەك دانەیان بھێڵەرەوە، بۆنمونە ناكرێت بۆ پەیوەندیە كۆمەلایەتیەكان فەیسبووك و ئینستاگرامیشت ھەبێت، كامیان باوترو گونجاوترە لەناو ھاورێ و كەسوكار ئەوەیان بكە بە سەرەكی و ئەوانی دیكە بسڕەوە.
 • رێكخستنەوەی بەكارھێنان:  دوای ئەوەی پاكسازیمان لە ئەپەكان كرد، دەبێت پاكسازی لە مەبەستی بەكارھێنانیش بكەین. بۆنمونە فەیسبووك دەكەینە تاكە تۆڕی پەیوەندیە كۆمەلایەتیەكان و تیایدا تەنھا ھاوڕێ و كەسە نزیكەكان وەردەگرین نەك سەدان پەیج و كەسایەتی، بەكارھێنانیشی كورتدەكەینەوە بۆ ئەو مەبەستەی كە ئەپەكەی بۆ دروستكراوە وەك ھەواڵپرسین نەك سەیركردنی ڤیدیۆو كۆمێنت نوسین بۆ پەیجەكان. 
 • رێكخستنەوەی كات: دیاری بكە رۆژانە لە چ كاتێكدا فەیسبووك بەكاربھێنیت و بۆ ماوەی چەند، بۆنمونە پاش تەواوبوون لە كار نیو كاتژمێر.
بۆ ھەندێك لەم ھەنگاوانە دەتوانیت سود لە خودی تەكنەلۆجیا وەربگریت، بۆنمونە رێكخستنی تایبەت ھەیە كە پاش ماوەیەكی دیاركراو لە بەكارھێنان، ئەپەكان قفڵ دەكات، یان سود لە ھەندێ سەرچاوە وەربگرە بۆنمونە وێبسایتی (Freedom.to).
بیرت بێت وەك لە پێشتر وتمان بەكارھێنانی تەكنەلۆجیا بەم رادەیەش بكە بە ئارەزوومەندانە، ھەندێك رۆژ ھەر بەكاری مەھێنە، جار جار مۆبایلەكەت لە ماڵ جێبھێڵەو برۆ پیاسەیەك بكە.

پێشنیار بۆ ژیانێكی باشتر
ئەو كاتە بەتاڵەی دوای دوركەوتنەوە لە سۆشیال میدیا بەدەستی دەھێنین، دەبێ بۆ شتگەلێك تەرخانی بكەین كە وابكات باشتر بژین. لێرەدا سێ پێشنیار دەخەینە روو كە رەنگە بەدیھێنانیان پێویستی بە ھەوڵ و راوێژی نزیكەكانیشت بێت
 • سەرچاوەی بژێویت باشتر بكە، وابكە داراییت بەجۆرێك گەشە بكات تەواو پشت بەخۆت ببەستیت. ئەمەش متمابە بەخۆبوون بەھێزدەكات و وادەكات چالاكی وەك وەرزش و سەفەر ئاسانتربێت.
 • ھەوڵبدە خۆت فێری كارێك یان ھونەرێكی دەستی بكە.
 • بەشداری لە چالاكیە كۆمەلایەتیەكاندا بكە (گروپی تۆپی پێ یان مەلەو شاخڕەوی، سەردانی كتێبخانە..) بە كورتی ئەو چالاكیانەی لە دنیای راستەقینەدا دەكرێن.

*********
تێبینی:
 • وشەی كەمگەرایی دیجیتاڵی وەك وەرگێڕانی دیجیتاڵ مینیماڵیزم بەكارھاتووە، وەرگێڕانی دیكەم لە كوردیدا نەبینیوەو  نازانم ئەمە چەند دروستە.
 • لە زۆربەی نمونەكاندا باسی ئەپ و فەیسبووك كراوە تەنھا بۆ رونكردنەوەو تێگەشتن، بەلام دەشێت ئەوەی ژیانی تێكدابین یاری ئەلكترۆنی یان ھەرشتێكی ھاوشێوە بێت.
 • بۆ زانیاری زیاتر دەتوانن سود لەم كتێبە ببینن:
Digital Minimalism (choosing a focused life in a noisy world),

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group