شیکارییەک بۆ دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێم لە ساڵی ٢٠٢٦ ١. پەرتەوازەیی ناوخۆیی و قوربانیکردنی دۆزی نەتەوەیی لە بەغدا، دۆزی نەتەوەیەک کراوەتە قوربانیی ناکۆکییە حزبییەکان. لە کاتێکدا لایەنە شیعەکان (چوارچێوەی هەماهەنگی) و لایەنە سوننەکان (ئەنجومەنی سیاسی) توانیویانە جۆرێک لە یەکڕیزی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان دروست بکەن، لایەنە کوردییەکان بە تەواوی پەرتەوازەن: • پارتی و یەکێتی: لە کاتی دابەشکردنی پۆستەکاندا بەتەواوی توانایانەوە داکۆکی دەکەن و بەداخەوە لەو پێناوەشدا مافە نەتەوەییەکان دەدۆڕێنن. • لایەنەکانی دیکە: بەهۆی نەبوونی پۆست و وەرنەگرتنی، لەسەر مێزی گفتوگۆکان ئامادەییان نییە. • کێشەی سەرەکی: ناکۆکییەکانی ناوخۆی هەرێم گواستراونەتەوە بۆ بەغدا؛ ئێستا نەک هەر لەسەر حکومەت و پەرلەمانی هەرێم ڕێناکەون، بەڵکو لە بەغداش لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار دژایەتیی یەکدی دەکەن. ٢. قەیرانی مووچە و بودجە لە ٢٠٢٦ سەرباری ئەوەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٦ یاسای بودجەی نابێت، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم لە هیچ وەرەقەیەکی گفتوگۆی لایەنە کوردییەکاندا بوونی نییە. دۆخەکە بەم شێوەیەیە: • مووچەی دوو مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ خەرج نەکرا. • مووچەی مانگی یەکی ٢٠٢٦ دواکەوتووە. ئەمە لە کاتێکدایە کە لایەنە عێراقییەکان بۆ تێپەڕاندنی پۆستە باڵاکان پێویستیان بە دەنگی کوردە، بەڵام لایەنە کوردییەکان ئەم کارتە بۆ پرسی مووچە بەکارناهێنن. ٣. مەتەڵی نەوت و کۆمپانیا بیانییەکان هەرێم نەوتی ڕادەستی (سۆمۆ) کردووە و بەپێی یاسای بودجەی سێ ساڵە دەبوو تێچووی دەرهێنانی نەوت دیاری بکرایە، بەڵام نادیارییەک لەم دۆسێیەدا هەیە: • ئایا شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان دراوە؟ چونکە ئەگەر نەدرایە بێدەنگ نەدەبوون. • ئایا نرخە ڕاستەقینەکە دیاری کراوە و لایەنە پەیوەندیدارەکان لێی ڕازین؟ ٤. سیناریۆکانی سەرۆک کۆمار و کێشەی مالیکی ململانێی پارتی و یەکێتی لەسەر پۆستی سەرۆک کۆمار، لە کاتێکدایە کە عێراق لە نێوان سێ جەمسەردایە: ڤیتۆی ئەمریکا، داواکارییەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی و ڕەتکردنەوەی سوننە. پرسیارە جەوهەرییەکان: • ئایا ئەگەر کاندیدی یەکێتی یان پارتی دەربچێت، ئامادەن "مالیکی" ڕابسپێرن بۆ پێکهێنانی حکومەت (وەک مەرجێکی چوارچێوەی هەماهەنگی)؟ • ئەگەر ڕایبسپێرن، ئایا بەرگەی تووڕەیی و کاردانەوەکانی ئەمریکا دەگرن؟ ئەگەریش ڕاینەسپێرن، چارەنووسیان چی دەبێت؟ •یان پرۆسەی حوکمڕانی لەعێراق دەخاتە تەنگژەیەکی نوێ و بابەتی سەرۆک کۆمارو سەرۆک وەزیران ناگات بە هەڵبژاردن و ڕاسپاردن! کورتەی دۆخەکە: ئەگەر چوارچێوەی هەماهەنگی تەحەدای ئەمریکا بکات و سوور بێت لەسەر کاندیدکردنی مالیکی، عێراق و هەرێمی کوردستان پێکەوە تووشی قەیرانێکی کوشندە دەبن کە باجەکەی تەنها خەڵکی هەژار و مووچەخۆران دەیدەن.
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.