لە جیهانی مۆدێرنی ئابووریدا، هاوکێشەی ئاراستەکردنی بازاڕەکان گۆڕانکارییەکی ڕیشەیی بەخۆوە بینیوە، ئەو تێگەیشتنە باوانەی کە پێشتر تەنها پشتیان بە ئامار و داتا داراییەکان دەبەست، خەریکە بەهای پێشوتریان لەدەست دەدەن. لەم چەرخەدا کە زانیارییەکان بە خێراییەکی زۆر بڵاودەبنەوە، چیتر ژمارە ڕاستەقینەکان جڵەوی بازاڕیان بەدەستەوە نییە، بەڵکو کەوتووەتە ژێر کاریگەریی شەپۆلێکی بەردەوام لە لێدوانە دژبەیەکەکان و ئەو "جەنگە زارەکییەی " کە لە نێوان کارەکتەرە سیاسییە باڵاکانی جیهاندا بەڕێوەدەچێت. کاتێک لێدوانی سەرکردە و بەرپرسانی وڵاتان لە بازنەی داخراوی بۆرسە و هۆڵەکانی بازرگانیکردن دەردەچن و دێنە ناو ژیانی ڕۆژانەوە، دەبنە هێزێکی ڕاستەقینە کە کاریگەری قووڵ و بێبەزەییانە لەسەر هاووڵاتیانی ئاسایی و کۆمپانیاکان جێدەهێڵن. لەم جەنگەدا کە لێدوانەکان تێیدا لە واقیع کاریگەرترن، هاووڵاتی و کۆمپانیاکان بوونەتە بارمتەی ئەو شەپۆلە دەروونییانەی کە لە لێدوانی سیاسییەوە سەرچاوە دەگرن، چونکە بچووکترین لێدوانی نەرێنی یان ئەرێنی، زنجیرەیەکی درێژ لە کاردانەوەی ئابووری دروست دەکات کە ڕاستەوخۆ دەگاتە سەر خێزانەکان و پلانی دارایی کۆمپانیاکان. ئەم دیاردەیە بە ڕوونی لەو ململانێ ئاڵۆز و چەقبەستووەدا دەردەکەوێت کە لە لایەکەوە لە نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل، و لە لایەکی دیکەوە لەگەڵ ئێراندا لە ئارادایە. لێرەدا، وشەکان لە چەک و تەقەمەنی بەهێزترن لە گۆڕینی ئاراستەی ئابووری ودارایی، چونکە ترس و ئومێد ، بڕیار لەسەر جموجۆڵی بازاڕەكان دەدەن. بازاڕە نێوخۆیی و جیهانییەکان، بوونەتە ئۆرگانێکی لەڕادەبەدەر هەستیار بە شێوەیەک کە بچووکترین لێدوانی سیاسی یان دیپلۆماسی، خێرا ئاراستەی بازاڕ دەگۆڕێت و دەبێتە هۆی کشان یان سستبوونی جموجۆڵە ئابوورییەکان. وەبەرهێنەران و سەرمایەداران کات بەفیڕۆ نادەن بۆ چاوەڕوانکردنی دەرئەنجامە درێژخایەنەکانی وتەی بەرپرسان، ئەوان بەپێی چرکە کاردانەوەی خێرا پێشان دەدەن و بڕیار لەسەر کڕین و فرۆشتن دەدەن. بێگومان، باجی سەرەکیی ئەم ناسەقامگیری و کاردانەوە خێرایانەش ڕاستەوخۆ دەکەوێتە ئەستۆی هاووڵاتیان و بژێویی ڕۆژانەیان. بۆ تێگەیشتن لەم هاوکێشە ، دەکرێت سەیری ڕەفتاری بازاڕ بکەین لە کاتی دەرچوونی لێدوانە ئەرێنییەکاندا. کاتێک ئاماژەیەک یان لێدوانێک لە حکومەتەكان بەگشتی و حكومەتی ئەمریكاو ئێران بەتایبەتی لەم جەنكەدا دەردەچێت کە باس لە کرانەوەی دەروازەی دانوستان یان کەمکردنەوەی ئاستی گرژییەکان، یان ئەگەری گەیشتن بە ڕێککەوتن بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە دەکات. لەم کاتانەدا، نرخی نەوت بە شێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت. ئەم دابەزینە بەهۆی ئەوەوە نییە کە بەرهەمهێنانی نەوت زیادی کردووە، بەڵکو تەنها لەبەر ئەوەیە کە مەترسیی پەککەوتنی گواستنەوەی نەوت کەمتر بووەتەوە. بەڵام کاتێک لێدوانەکان نەرێنی و هەڕەشەئامێزن، تەواوی ئەم دیمەنە دەگۆڕێت لە کاتی لێدوانە ئەرێنییەکاندا، نرخی زێڕ، روو لە دابەزین دەکات چونکە وەبەرهێنەران ترسیان نامێنێت و پارەکانیان لەو کانزا یە دەردەهێنن. لە بەرامبەردا، بازاڕی پشکەکان، وەبەرهێنانە ڕاستەقینەکان، سێکتەری پیشەسازی و جوڵەی هاوردەکردن بازدانێکی گەورە بەخۆیانەوە دەبینن. خاوەن سەرمایەکان متمانەیان بۆ دەگەڕێتەوە و دەست دەکەن بە خەرجکردن و فراوانکردنی پڕۆژەکانیان. ئەم گۆڕانکارییانە هەموویان لە کاتێکدا ڕوودەدەن کە لەوانەیە هیچ شتێکی ڕاستەقینە لەسەر زەوی نەگۆڕابێت و هێشتا هێزەکان لە سەنگەرەکانیاندا بن. بۆ نموونە، لێدوانێکی کتوپڕی بەرپرسێکی باڵای ئەمریکی سەبارەت بە پشتیوانیی بێ مەرج بۆ جوڵەی سەربازیی یان هەڕەشەیەکی بەرپرسێكی ئێران بۆ داخستنی ڕێڕەوە ئاوییەکان، دەبێتە هۆی ئەوەی كە لە چەند چرکەیەکدا ملیاران دۆلار لە بەهای پشکەکانی کۆمپانیا گەورەکان بە هەوا بدات . کۆمپانیا ناوخۆییەکان لەم جۆرە ململانێیانەدا قوربانی یەکەمی ئەو "شەڕە لێدوانانە"ن. کۆمپانیا ناوخۆییەکان، بە پێچەوانەی کۆمپانیا فرە ڕەگەزە زەبەلاحەکانەوە، هیچ قەڵغانێکی دارایی یان جێگرەوەیەکی جوگرافییان نییە بۆ خۆپاراستن. هەر بۆیە، کاتێک شەپۆلێک لە لێدوانی نەرێنی یان ئەرێنی لەلایەن سەرکردەکان لەم جەنگەوە بڵاودەبێتەوە، وەک بومەلەرزەیەکی کتوپڕ کار دەکاتە سەر جومگە جیاوازەکانی کارەکەیان. کۆمپانیا ناوخۆییەکان کتوپڕ خۆیان لەبەردەم تێچوویەکی زۆر گەورەدا دەبیننەوە. ئەوان ناتوانن لەسەر کڕیارەکانیان نرخی کاڵاکان بەو شێوەیە گران بکەن چونکە توانای کڕین لەسەر ئاستی ناوخۆ سنووردارە، لە ئەنجامدا ناچار دەبن لەسەر حیسابی قازانجی خۆیان یان تەنانەت لەسەر حیسابی سەرمایەکەیان بەردەوامی بە کارەکانیان بدەن، ئەمەش زۆرێکیان بەرەو ئیفلاسبوون یان کەمکردنەوەی قەبارەی کارەکانیان دەبات. ئەم واقیعە نوێیە ئەوەمان پێدەڵێت کە هێزی وشە لەم هاوکێشەیەدا تاكو ڕادەیەكی باش کاریگەرترە لە داتا داراییەکان . متمانە و ئاسایش لە بازاڕەکانی ئەمڕۆدا بووەتە بابەتێکی زۆر لەرزۆک و کاتی وکەوتووەتە ژێر ڕەحمەتی کۆنتڕۆڵکردنی لێدوانەکانەوە، تا ئەو کاتەی ئەم ململانێیە بەردەوام بێت، بازاڕەکانیش لە نێوان ترس و ئومێددا، بەپێی ئاراستەی لێدوانەکانی ڕۆژ، بەردەوام دەبن لە هەڵبەز و دابەزدا. د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی : دارایی گشتی
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.