چەمکی کاڵاوبوون لە جیهانی هاوچەرخدا تەنیا لە سنووری بازاڕە ماددییەکان و ئاڵوگۆڕی کەلوپەلەکاندا نەمایەوە، بەڵکو بە قووڵی شۆڕبووەوە بۆ ناو جومگەکانی ژیانی ڕۆحی، ڕۆشنبیری و پاشان سیاسی کۆمەڵگەکان. یەکێک لە سەرنجڕاکێشترین ئەو دیاردە سیاسییانەی کە سیستەمە دەسەڵاتدارەکان لە سەرانسەری جیهاندا پێڕەوی دەکەن، بریتییە لە پرۆسەی گۆڕینی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی بۆ کاڵایەکی بازرگانی شیاوی کڕین و فرۆشتن. لە ڕوانگەی فەلسەفەی سیاسی و تیۆری ڕەخنەیی هاوچەرخەوە، ئەم دیاردەیە گوزارشت لە ستراتیژییەکی پێشکەوتووی دەسەڵات دەکات بۆ کۆنترۆڵکردنی کۆمەڵگە و هێشتنەوەی پێگەی خۆی لە ڕێگەی میکانیزمەکانی بازاڕەوە. بیرمەندانی وەك تیۆدۆر ئەدۆرنۆ و ماکس هۆرکهایمەر، لە تیۆری "پیشەسازی ڕۆشنبیری"دا ئاماژە بەوە دەکەن کە چۆن سیستەمە سەرمایەداری و دەسەڵاتدارەکان توانای ئەوەیان هەیە هەر دەنگێکی ڕەخنەیی و دژبەر لەناو خۆیاندا هەرس بکەن و بەرگی کاڵایەکی پێ بپۆشنن. کاتێک ئۆپۆزسیۆن دەبێتە کاڵا، بەها ڕەسەنەکەی کە خۆی لە گۆڕانکاری ڕیشەیی و داکۆکیکردن لە مافی گشتیدا دەبینێتەوە، بەتاڵ دەبێتەوە و تەنیا "بەهای ئاڵوگۆڕی " پێدەبەخشرێت. دەسەڵاتی سیاسی لەم هاوکێشەیەدا وەک بازرگانێکی لێهاتوو دەردەکەوێت. ئەو ڕێگە بە بوونی ئۆپۆزسیۆن دەدات، نەک لەبەر باوەڕبوونی بە دیموکراسی، بەڵکو لەبەر ئەوەی بوونی ئەم جۆرە ئۆپۆزسیۆنە کاڵاوبووە بۆ ڕەواییدان بە سیستەمەکە پێویستە. دەسەڵات نرخێک بۆ ئەم کاڵایە دیاری دەکات، کە ڕەنگە هەمیشە پارەی کاش نەبێت، بەڵکو ئیمتیازی سیاسی، پۆست، یان پشکی دارایی بێت لە بودجە و داهاتی گشتیدا. لەلایەکی دیکەوە، فەیلەسوفی فەرەنسی گی دێبۆر لە تیۆری "کۆمەڵگەی نمایش"دا تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە لە جیهانی مۆدێرندا، هەموو شتێک کە ڕاستەقینە یوو ، ئێستا بووەتە نمایشێکی سادە. لەم چوارچێوەیەدا، ئۆپۆزسیۆنی سیاسی دەبێتە تەنیا نمایشێکی سەرنجڕاکێش بۆ ڕای گشتی. دەسەڵاتداران ئەم نمایشە بەڕێوەدەبەن و کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکەن بەپێی بەرژەوەندییە کاتی و ستراتیژییەکانی خۆیان. کاتێک ئۆپۆزسیۆن دەکرێتە کاڵا، دەسەڵات جۆرێک لە "ئابووری سیاسیی ناڕەزایەتی" دروست دەکات. لەم ئابوورییەدا، ناڕەزایەتی دەبێتە سەرچاوەیەکی بەرهەمهێنانی قازانج بۆ هەردوولا. بۆ دەسەڵات وەک هۆکارێک بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی خۆی لە ڕێگەی کڕینی بێدەنگی یان کڕینی متمانەی ئۆپۆزسیۆن، هەروەها بۆ سەرکردەکانی ئۆپۆزسیۆن وەک کەرەستەیەک بۆ بەرزکردنەوەی بەهای بازاڕیی خۆیان لە کاتی دانوستانەکاندا. ئەمە وا دەکات کە ئۆپۆزسیۆن نەک هەر نەبێتە هێزی گۆڕانکاری، بەڵکو ببێتە ئەکتەرێکی سەرەکی لە پاراستنی هاوسەنگیی سیتسەمەکەدا. نووسەر و بیرمەندی گەورە ژان بۆدریار بە تیۆری "هاوشێوەکردن و نیشانەکان" قۆناغێکی پێشووتر لەم واقیعەمان نیشان دەدات. بە بڕوای بۆدریار، ئێمە لە جیهانێکدا دەژین کە تێیدا نیشانەکان و هێماکان جێگەی واقیعیان گرتووەتەوە. ئۆپۆزسیۆنی کاڵابووش تەنیا نیشانەیەکی ساختەیە لە ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینە. کڕین و فرۆشتنی ئەم کاڵایە لە بازاڕی سیاسەتدا بەپێی یاسای خواست و خستنەڕوو بەڕێوەدەچێت. کاتێک فشاری جەماوەری زیاد دەکات، خواستی دەسەڵات بۆ کڕینی ئۆپۆزسیۆن بەرز دەبێتەوە و بەمەش نرخی ئۆپۆزسیۆن لە بازاڕدا زیاد دەکات. بە پێچەوانەشەوە، کاتێک دەسەڵات لە لووتکەی هێزی خۆیدایە، نرخی ئەم کاڵایە دادەبەزێت و دەسەڵاتداران بە کەمترین تێچوو دەیانکرن یان فەرامۆشیان دەکەن. لێرەدا، گوتاری ئۆپۆزسیۆن دەبێتە هێمایەکی بازرگانی. هەروەک چۆن کۆمپانیا گەورەکان هێما بازرگانییە ڕکابەرەکان دەکڕن بۆ ئەوەی مۆنۆپۆلی بازاڕ بکەن، دەسەڵاتی سیاسیی باڵادەستیش بە هەمان شێوە کار دەکات. کڕینی ئۆپۆزسیۆن ڕێگری دەکات لە سەرهەڵدانی ڕکابەرێکی ڕاستەقینە کە بتوانێت بنەماکانی دەسەڵات بهەژێنێت. بەم شێوەیە، کڕین و فرۆشتنی پێگەی سیاسی دەبێتە زامنی مانەوەی نوخبەی دەسەڵاتدار و ڕێگریکردن لە هەر گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە پێکهاتەی ئابووری و کۆمەڵایەتیدا. مێژووی هاوچەرخ و ڕووداوەکانی ئێستا چەندین نموونەی زیندوو و وردمان پێدەڵێن کە چۆن هێزە ئۆپۆزسیۆنەکان لەلایەن دەسەڵاتی سیاسییەوە کراونەتە کاڵایەک بۆ بازرگانیکردن و کڕینی کات، یاخوود بۆ ڕەواییدان بە سیستەمەکە نموونەی هەرە دیار، پارتە فەرمییەکانی ڕووسیا بوون. ئەم پارتانە بە تەواوی ببوونه کاڵایەکی سیاسی؛ لە ڕواڵەتدا لە پەرلەمان دادەنیشتن و ڕەخنەی توندیان لە وەزیرەکان دەگرت، بەڵام لە کاتی دەنگدان لەسەر یاسا ستراتیژییەکان، بودجە، یان شەڕەکان، هەمیشە بەپێی ویستی کرێملین دەنگیان دەدا. دەسەڵات لە بەرامبەر ئەم "ڕۆڵگێڕانەدا"، بودجەی گەورەی حزبی، پۆستی پەرلەمانی، و ئیمتیازی دارایی پێدەبەخشین. لە کۆتاییدا، ئەم پرۆسەیە لەوڵاتاندا دەبێتە هۆی دروستبوونی دۆخێک لە نائومێدی گشتی هاوڵاتییانیان و بێباکی سیاسی، چونکە جەماوەر دەگاتە ئەو بڕوایەی کە هەموو دەنگێکی ناڕەزایەتی تەنیا پڕۆژەیەکی بازرگانییە کە چاوەڕێی کڕیارێکی گونجاو دەکات. کاتێک حیزبە ئۆپۆزسیۆنەکان وەک براندێکی مارکێتیی ڕکابەری دەکەن، سنووری نێوان گۆڕانکاریی ڕاستەقینە و پاراستنی دۆخی باو تێکەڵ دەبێت. ئەم پرۆسەیە هیوای هاووڵاتیان بە گۆڕانکاریی ڕاستەقینە لەباردەبات و واقیعێکی تاڵ دەسەلمێنێت کە تەنانەت دژایەتیکردنی دەسەڵاتیش دەکرێت ببێتە مارکەیەکی بازرگانی، کە نرخەکەی بەپێی یاساکانی بازاڕ و قەبارەی سازشە سیاسییەکان دیاری دەکرێت. د.پیرۆت محمد امین پسپۆڕی : دارایی گشتی
ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.