دۆشاومژە ئێمەی کردووە بەکۆیلەی ئابووری

ڕەنج باراوی

2 کاتژمێر پێش ئێستا


لە مێژووی مرۆڤایەتیدا، کۆیلایەتی هەمیشە سیمایەکی ڕووت و جەستەیی هەبووە؛ زنجیری ئاسن، بازاڕی زۆرەملێ و چەوسانەوەیەکی بێ پەردە. بەڵام لە سەردەمی مۆدێرندا، لە سایەی ئاڵۆزییەکانی سیستەمی ئابووریی جیهانی و دابڕانە قووڵەکانی بازاڕدا، شێوازێکی مەترسیدارتر و شاراوەتر سەری هەڵداوە کە بە «کۆیلایەتیی ئابووری» دەناسرێت. لەم قۆناغە نوێیەدا، زنجیرەکان لە ئاسن نەتاشراون، بەڵکو لە ڕێسای دارایی، قەرز، نادڵنیایی و پێویستیی ڕەها بە ژیانکردن هەڵبەستراون. مرۆڤ لە ڕووی یاساییەوە ئازادە، کەچی لە واقیعدا دیلی بژێوی و پێداویستییە سەرەتاییەکانی خودی خۆیەتی.

بۆ تێگەیشتنی قووڵ لەم دیاردە ئاڵۆزە، دەبێت پرسیارە بنەڕەتییەکان وەک زنجیرەیەک لە ڕاستیی پێکبەستراو هەڵهێنجێنین. لە ڕوانگەی مێژووییەوە، زاراوەی کۆیلەی ئابووری ئەو تاکەیە کە تەواوی ئازادیی بڕیاردانی پیشەیی و ئابووریی لە دەست داوە و وزەی ژیانی تەنها بۆ دانەوەی قەرزە کەڵەکەبووەکان تەرخان دەکات. ئەم دیاردەیە لەگەڵ گەشەسەندنی سەرمایەداریی کۆنتڕۆڵکەر و بەجیهانیبوونی بازاڕی کاردا سەری هەڵدا. جیاوازییە بنەڕەتییەکەی لەگەڵ کۆیلایەتیی کلاسیکدا ئەوەیە؛ لە ڕابردوودا خاوەن کۆیلە بەرپرس بوو لە خوراک و سەرپەنای کۆیلەکەی، بەڵام لە کۆیلایەتیی مۆدێرندا، خاوەنکار هیچ ئاگایەکی لە ژیان و تەندروستیی کارمەند نییە و تەنها هێزی کاری ئەو هەڵدەقوڕێنێت، لە بەرامبەر بڕە پارەیەکدا کە تەنانەت بەشی پێداویستییە سەرەتاییەکانیش ناکات وچەپڵەشی پێ لێ دەدات بەسکی برسی.

سیستەمی سەرمایەداری لەسەر بنەمای بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج و کەمکردنەوەی تێچووی کار بنیات نراوە. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە، مرۆڤ وەک کاڵایەک سەیر دەکرێت کە دەکرێت بکرێت و بفرۆشرێت. بە دروستکردنی هەڵاوسان، بێکاری و نەبوونی تۆڕی سەلامەتیی کۆمەڵایەتی، تاک ناچار دەبێت قبووڵی هەر مەرجێکی کارکردن بکات. لە لایەکی ترەوە، بازاڕی قەرز و مۆدێرنیتەی بەکاربەر مرۆڤ دەخاتە ناو بازنەیەکی داخراوەوە کە هەمیشە قەرزدار و بێدەنگ بێت. ئەم دۆخە نیشانەی ئاشکرای هەیە؛ وەک نەبوونی توانای پاشەکەوت و بەسەربردنی تەمەن لە کارکردنێکی بەردەوامدا بێ هیچ داهاتوویەکی دڵنیا، کۆیلەبوونی کات و تەرخانکردنی تەواوی ڕۆژ بۆ کارکردن، هەروەها نادادپەروەری لە پەیوەندیی هێزدا، کە کارمەند ناتوانێت داوای مافی سەرەتایی خۆی بکات لە ترسی لەدەستدانی سەرچاوەی تاکەبژێویی خۆی.

لە واقیعی عێراق و هەرێمی کوردستاندا، کۆیلایەتیی ئابووری نەک تەنها لە کەرتی تایبەتدا، بەڵکو لە کەرتی گشتیشدا لەشێوازی پیادە کردنە کارگێڕییە شکستخواردووەکانیشدا ڕەنگی داوەتەوە. هەزاران کرێکار لە کەرتی تایبەتدا بە مووچەی کەم و بێ بیمە کار دەکەن. لە ئاستی گشتیدا، قەیرانە داراییەکان و دواکەوتنی مووچە بووەتە یەکێک لە دڵڕەقترین شێوەکانی کۆیلایەتیی ئابووری. کاتێک مووچەی فەرمانبەر یان مامۆستا بۆ چەند مانگێک دوا دەخرێت، دەسەڵات بەزۆر کارمەندەکە ناچار دەکات بەردەوام بێت لە کارکردن بێ ماف. ئەمە هاووڵاتی لە خاوەن بڕیارەوە دەگۆڕێت بۆ مرۆڤێکی ملکەچ و نائومێد کە تەنها خەمی دابینکردنی نانی ڕۆژانەیەتی، و ئەمەش بە تەواوی کەرامەتی مرۆڤ تێکدەشکێنێت.

هاووڵاتیبوون لەسەر دوو کۆڵەکەی «ماف» و «ئەرك» دەوەستێت. بەڵام کۆیلایەتیی ئابووری ئەم هاوسەنگییە دەڕووخێنێت. هاووڵاتییەک کە هەموو هزری بۆ پارووی نان تەرخان بووبێت، توانای بەشداریکردنی لە ژیانی سیاسی و چاودێریکردنی دەسەڵاتدا بۆ نامێنێت. هەستی نیشتمانپەروەری لاواز دەبێت و نیشتمان لە لانکەی پاراستنەوە دەگۆڕێت بۆ زیندانێکی گەورە. لە ڕووی ئابووریی نەتەوەییەوە، ئەم دۆخە دەبێتە هۆی وێرانبوونی داهاتی تاک، پەککەوتنی بەرهەمهێنانی نەتەوەیی، و لە هەمووی مەترسیدارتر، کۆچ و بەفیڕۆچوونی سەرمایەی مرۆیی و هەڵاتنی مێشکەکان بەرەو دەرەوەی وڵات.

ئازادبوونی کۆمەڵگە لەم زنجیرە نەبینراوانە پێویستی بە هەنگاوی جدی هەیە؛ لەوانە توندکردن و چەسپاندنی یاساکانی کار بۆ پاراستنی مافی کرێکاران، دروستکردنی تۆڕێکی بەهێزی سەلامەتیی کۆمەڵایەتی لەلایەن دەوڵەتەوە، سەربەخۆییی دادگاکان، ڕیشەکێشکردنی گەندەڵی و قۆرخکاریی ئابووری، هەروەها بەرزکردنەوەی هۆشیاریی مەدەنی و مافپەروەری لە کۆمەڵگەدا.

لە کۆتاییدا، تێپەڕاندنی کۆیلایەتیی ئابووری پێویستی بە هەڵگیرسانی شۆڕشێکی هۆشیاریی نیشتمانی هەیە کە تێیدا تاک لە قۆناغی مانەوە و خەبات بۆ تەنها پارووی نان، بگوازرێتەوە بۆ قۆناغی بەشداریی کارا لە بڕیارسازی و بنیاتنانی سیاسەتدا. چونکە ئازادیی ڕاستەقینەی سیاسی و دیموکراسی لە هیچ وڵاتێکدا ناچەسپێت تاوەکو بنەمای ژیانی ئابووریی هاووڵاتی لە ژێر هەڕەشەی برسێتی و دەسەڵاتی قۆرخکاردا بێت، و پاراستنی سەروەریی نەتەوەیی بە ئازادکردنی هێزی بەرهەمهێن و کەرامەتی تاک دەست پێدەکات.لەبری ئەو دەستانەی چەپڵەی پێ لێ ئەدەین بۆ قایلبوونمان بەم کۆیلایەتیە ،دەبێت دۆشاومژە بخەینە ژێر پرسیارەوە تانەتوانێت کۆێرانە دەست بکات بەمەرەکەبی هەڵبژاردندا بۆ هەڵبژاردنی نوێنەری ناڕاستەقینەی گەل. 

توێژەری ئابووریناس ومافپەروەر ڕەنج باراوی

 

ئەو وتارانەی لە ماڵپەڕی رادیۆی نەوا بڵاودەكرێنەوە تەنها گوزارشت لە بۆچونی نوسەرەكانیان دەكات.


شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group