داوا لە عەلی زەیدی دەكرێت هێزە فیدڕاڵییەكان لە كەركوك و دوزخورماتو بهێڵێتەوە
3 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی فراكسیۆنی بەرەی توركمانی لە پەرلەمانی عێراق لە پەیامێكدا بۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، بە بایەخێكی زۆرەوە بەدواداچون بۆ ئەو هەواڵانە دەكەین لە بارەی گۆڕانكاریی چاوەڕوان كراو لە دۆسیەی ئەمنیی پارێزگاكانی كەركوك و سەلاحەدین بڵاودەكرێنەوە.
هەورەها، جەخت لەسەر پێویستی پاراستنی سەقامگیریی ئەمنی دەكەینەوە كە بە هۆی قوربانیدانی هێزە ئەمنییەكانمانەوە بەدەستهاتوە.
رونیشیكردۆتەوە، داوای لە عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان دەكات هێزە فیدراڵییەكان لە قەزای دوزخورماتو و پارێزگای كەركوك بهێڵێتەوەو سەپاندنی دەسەڵاتی حكومەتی فیدراڵی بەسەر تەواوی سنورە كارگێڕییەكاندا بەردەوامبێت، بە شێوازێك كە پاراستنی سەرجەم هاوڵاتییان و بەهێزكردنی شكۆی دەوڵەت و سەروەریی یاسا مسۆگەر بكات.
ئەرشەد ساڵحی نوسیویەتی، متمانەمان بە دانایی سەركردایەتی عێراق و پەرۆشیی بۆ نەگرتنەبەری هیچ هەنگاوێك هەیە كە ببێتە هۆی گەڕانەوەی ئاڵۆزی بۆ ئەم ناوچانە و جەخت دەكەینەوە كە ئاسایش و سەقامگیریی كەركوك و دوزخورماتو دەبێت وەك ئەولەوییەتێكی نیشتمانی بمێننەوە.