ماكرۆن لە كۆشكی ئەلیزێ چی بە قوباد تاڵەبانی وت؟

هاودین مەحمود

16/07/2019

رۆژی 2-12-2017 ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنسا لە كۆشكی ئەلیزێ پێشوازی لە نێچیرڤان بارزانی و قوباد تاڵەبانی بە ئاڵا و نووسینی كوردیەوە كرد، كە یەكەم سەردانیان بوو لەدوای ئەنجامدانی ریفراندۆم و سزاكانی حكومەتی عیراق و وڵاتانی ئیقلیمی و جیهانی بەرامبەر هەرێمی كوردستان، كە ئەرز و ئاسمانیان بەڕوودا داخستین و دووپاتكردنەوەی پشتیوانی دووەمین وڵات بوو لە دوای ئەمریكا بۆ هەرێمی كوردستان و هەردوو سەركردە گەنجەكە.
دوابەدوای وتارەكانیان و لە رێڕەوی هۆڵی كۆشكی ئەلیزێ بەدەم رێگاوە ماكرۆن روو لە قوباد دەكات و پێی دەڵێ مستەر تاڵەبانی ئاگاداری ناوخۆی حزبەكەتان (یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان) بن.
ئەم هۆشیارییەی ماكرۆن سەرۆكی وڵاتێكی زلهێزی جیهان و سكانپاوەری یەكێتیی ئەوروپا دەرخەری بەهێزیی و رۆڵی گرنگی ئەو حزبەیە لە گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عیراق و زەقبوونەوەی كێشە و ململانێكانی ناو حزبەكە لەسەر زیاتر پاوانكردنی دەسەڵات و  پشك پشكێنە و مسۆگەركردنی كوڕ و نەوەكانیان بۆ ئێستا و داهاتوو.
لە چەند رۆژی رابردودا پاش یەك ساڵ و هەشت مانگ نێچیرڤان بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم لە هەمان كۆشك (ئەلیزێ) پێشوازی لێدەكرێ، قوباد تاڵەبانی پێنج ساڵ لەمەوبەر و بە دیاریكراوی لە 18-6-2104 بە 92 دەنگی بەڵێ-ی پەرلەمانتاران و تەنها 3 دەنگی دژ متمانەی پێدرا، لەكاتێكدا نێچیرڤان بارزانی 90 دەنگی پشتیوانی بەڵێ و 3 رەتكردنەوەی وەرگرت.
لە دانیشتنی متمانەدانی پەرلەمان بە كابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم، مەسرور بارزانی 88 و قوباد تاڵەبانی-یش 73 بەڵێ-یان بەدەستهێنا هەرچەندە پرۆسەكە جۆرە تەوافوقێكی لەسەركرابوو، بەڵام چاوەڕوان نەكراوبو و نیگەرانی بەشێكی زۆری كادیر و ئەندامانی یەكێتی لێكەوتەوە، كە ئەمەیش دەرئەنجامی گەلێك هۆكارە، كە بەشێكی كەمی خودی كاك قوباد لێی بەرپرسیارە و 182 هەزار دەنگی هەڵبژاردن گەواهیدەری ئەم راستیەیە، وەلێ پشكی شێر بەر سەركردایەتیی یەكێتی دەكەوێ كە موهتەم نییە بە دەرئەنجامی هەڵبژاردن و ئەم دۆخە نائاساییەی یەكێتی كە هیچ كەس ئاواتی پێ ناخوازێ، ئێستا لە هەموو كات پێویسترە یەكڕیزی نێوماڵی یەكێتی بە كردار نەك تەنها بەگفت بپارێزرێ و ئەو بێزاریی و بێ هیوابوونەی ئەندامان و كادیرانی حزبەكە بە هەر میكانیزمێك بێت بڕەوێندرێتەوە، كە هاووڵاتییەكی ئاسایی هەتا سەرۆكی وڵاتانی زلهێزی جیهان و ئیقلیمی دركیان پێ كردوە و هەرجۆرە نەكسەیەكیتر ئەمان لێی بەرپرسیارن.
 چاوەڕێ دەكرێ كاك قوباد كە پیاوێكی وردە و لێكدانەوە و ڕوئیای بۆ ئەم پرۆسەی دەنگدانە وەك باقی ڕووداو و گۆرانكارییەكانیتر بەهەند وەربگرێ و لەسەر سیاسەت و نەهجی مام جەلال و تێزی رەخنە و رەخنە لەخۆگرتنەكەی پەیڕەو بكات و ئیعادەیەكی نەزەر بۆ ناوخۆ بە رەچاوكردنی هەلومەرجی ناوچەكە و گۆڕانكاری و پێشهاتە سیاسیەكان و تێگەیشتن لە سیاسەتی وڵاتان بكاتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group