لە فڕۆكەخانەی هەولێر چۆن رەفتاریان لەگەڵدا كردم؟

پشتیوان زاهیر

08/10/2019

بە پاسپۆرتە عیراقیەکەم، ئاسمان و زەمینی زیاد لە 20 وڵاتم تەی کرد، لە فڕۆکەخانەی ئەو وڵاتانەش کە قێز لەسەرڕەش و پاسۆرت و ئەتوارەکانمان دەکەنەوە، کەس نەیوت ماڵت لەکوێیە، بەپێچەوانەوە کاتێک مۆری ھاتن یا رۆیشتنیان لە پاسۆرتەکەم ئەدا بزەیەکیان بۆ دەکردم کە خۆشحاڵە بەھاتنم، یان لە رۆشتنەوەدا ھەمان ئاماژەی خواحافیزیان نیشان دەدا.
ئەمە جگە لە ھاتوچۆی ترام و تاکسی و پاسی نێوان دەوڵەتان، ھەر کەس ناڵێ ماڵت لەکوێیە.
بەھۆی ھاتنەپێشەوەی کارێکی گرنگ ناچاربووم تکتێک ببڕم بە ھێڵی بیکاسۆس لە دۆسلدۆرفەوە بە ترانزێتی ئیستەنبوڵەوە بگەڕێمەوە ھەولێر.
ھەر لەخۆوە دڵم خورپەی دەکرد کە لەم فڕۆکەخانەی کەلەسەر ئەو خاکەدایە کە گۆشت و ئێسقانەکەم لێی ھاتۆتە دونیا میزاجم تێک دەدەن، نازانم بۆ ئەو ھەستەم ھەبوو، (رێک واش دەرچوو).
گەیشتمە بەردەم پشکنینی پاسپۆرت، کارمەندی کابینەکە لە ئاماژەکانیدا دیاربوو لەو کەسانەیە بۆ بەھانەیەک دەگەڕێت، پاسپۆرتەکەی لێوەرگرتم چاوم لێبوو بێ یەک و دوو تەماشای ئەو لاپەڕەیەی کرد کە مۆری دەرچوونی پێوەیە کە سلێمانی بوو، یەکەم پرسیار بە تەوسەوە لێی کردم و برۆی گرژ کرد وتی؛ لەکێوە سەفەرت کرد، وتم؛ سلێمانی! لە کاتێکدا من چاوەڕێ بووم بڵێ لەکوێ ھاتی و بۆ کوێ چووی!
کارمەندەکە لاپەڕەی پاسپۆرتەکەمی ژماردو دایخستەوە پاڵی بە کورسیەکەیدایەوەو باوێشکێکیدا وەک ئەوەی کەس لەبەردەمی نەبێت، لێم پرسی؛ کێشەیەک ھەیە! وەلامی نەدامەوە، جارێکی تر وتم کاکە گرفتێک ھەیە، وتی؛ (وەکی ئەوناوەی تو ھەیە)، ئێ وتم؛ چی بکەم چەند زاھیرێک لەم دونیایە کوڕەکانیان ناوناوە پشتیوان!
وتم کاکی برا دونیایەک سەفەرم بەم پاسپۆرتەم کردووە کەس کێشەی نەبووە لەگەڵی.
ئیدی وتی پەنجە گەورەت بخە سەر جیھازەکە، خستم، تاماوەیەکی زۆر ھەر لەسەری بوو چاوەڕێ بووم بڵێ تەواو پەنجەت لابە، ماوەیەکی زۆر مایەوە، وتم: تەواو، وتی ئا وتم تەواو، ئەمە تومەز بەحاڵ بە ئاماژەی سەر وتبووی تەواو من تێنەگەیشتبووم.
ئیدی ئیھمالی کردم و پاڵیدایەوەو وەکچۆن کەسێک لە بەتاڵیدا نازانێ چی بکات ئاوا باوێشکی دەداو تەماشای دەورووبەری خۆی دەکرد چەند چرکەیەک، خەڵکێکی زۆریش لەدوامەوە سەرەی گرتووە، چاوەڕێن بەو درەنگانی شەوە چێکی پاسپۆرتیان بۆ بکرێت.
ئیدی ھەرچی ھێنای و بردی، لەپڕ لەسەر کورسیەکەی رێک بۆوەو پاسپۆرتەکەی کردەوە وتی دەی قەینا مۆرێکی لێداو پاسۆرتەکەی خستەوە بەردەمم.
تەبعەن گێڕانەوەی ئەم ئەتوارەو باسکردنی تەنھا بەدەم خۆشە کاتێک لەشارو وڵاتەکەی خۆت بەم ناشیرینیە پێشوازیت لێدەکرێت.
کەس نەڵێ ئەوە ئیجرائاتەو یاساییە، ئاخر کەس بەقەد من دڵی بەجێبەجێکردنی یاساو رێگری لە خراپەکاری خۆش نییە، بەڵام خۆزیا ئەوانەی گومان لە رەفتاری بەعس ئاسای ئەو کارمەندەی فڕۆکەخانەی ھەولێر دەکەن کامێراکانی شەوی رابردوو لێبدنەوە لەوجێگەیەو خۆشیان بڕیار بدەن.
ئیدی لەوەوە تۆبە لەوفڕۆکەخانەیەوە ھاتوو چۆ بکەم، مەگەر خوانەکردە زۆر زۆر ناچاربم.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group