كاندیدێكی نەوەی نوێ: دەبێت هەڵبژاردن بۆ 9 كورسیەكەمان بكرێتەوە

10/10/2018

نەوا
كاندیدێكی نەوەی نوێ باس لەوەدەكات كە ئەگەر بایكۆتی پەرلەمانی كوردستان بكەن، كورسیەكانیان ناچێت بۆ هیچ فراكسیۆنێكی تر و پێویستە هەڵبژاردن بۆ كورسیە بەتاڵەكانیان بكرێتەوە، هاوكات دەشڵێت، حزبەكانی دەسەڵات بۆ ناچاركردنیان بە پاشگەزبوونەوە لەو بڕیارە پڕۆپاگەندەی ئەوە بڵاودەكەنەوە كە گوایە نەوەی نوێ بەرێگەی بردنی دەنگی لایەنە ناڕازیەكان، دەنگی بۆ لایەنەكانی دەسەڵات كۆكردۆتەوە.
لەمیانی بەرنامەی "لەگەڵ رووداوەكان"ی نەوا، دیاری ئەنوەر كاندیدی نەوەی نوێ بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان سەبارەت بە ئەگەری بایكۆتی پەرلەمانی كوردستان لە لایەن جوڵانەوەكەیان، بە ئاماژەدان بەوەی كە هیچ دەقێكی یاسایی نییە باسی لە بایكۆتی پەرلەمان لە لایەن لیست و قەوارەیەكی سەركەوتوەوە كردبێت وتی: تەنها ئێمە نین كە ئەنجامی هەڵبژاردنمان رەتكردۆتەوە، بەشێكی تر لە لایەنەكانیش گەنگەشەی بایكۆت كردنی پەرلەمان دەكەن، جیا لەوە سەبارەت بەو 9 كورسیەی بەدەستمان هێناوە وتومانە ئەگەر ئەنجامەكان بەو جۆرە بێت و دەنگی راستەقینەی خۆمان بۆ نەگەڕێتەوە، بایكۆتی پەرلەمانی كوردستان دەكەین و ناچینە ناو پەرلەمانەوە، لەم حاڵەتەدا پەرلەمان 9 كورسی كەمدەبێت و دەبێت هەڵبژاردن بۆ ئەو 9 كورسیە بكرێتەوە و بەهیچ جۆرێك كورسیەكانی نەوەی نوێ نادرێت بە لایەنەكانی دیكە.
دیاری ئەنوەر، هێمای بۆ ئەوەش كرد، كە دوای چەند كۆبوونەوەی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ و ژوری توێژینەوە و سەرجەم كاندیدەكان گەیشتونەتە بڕیاری ئەوەی ئەگەر دەنگی راستەقینەیان بۆ نەگەڕێتەوە، دەبنە پەرلەمانتاری سەر شەقام و بایكۆتی پەرلەمان دەكەن.
دەربارەی ئەوەی تۆمەتبار دەكرێن بە كاركردن بۆ دەسەڵات و كۆكردنەوەی دەنگە ناڕازیەكان و دواتر چۆڵكردنی گۆڕەپانەكە بۆ لایەنەكانی دەسەڵات، كاندیدەكەی نەوەی نوێ وتی: ئەگەر گۆڕەپانمان چۆڵبكردایە، نەماندەوت كە لەسەر شەقام بەردەوام دەبین و لەگەڵ دەنگدەری خۆماندا دەبین، ئەمە جیا لەوەی ئەو جۆرە دەنگۆیانە "درۆیەكی شاخداری لایەنەكانی دەسەڵاتە" كە دەیانەوێت بیكەن، بۆ ئەوەی وابكەن نەوەی نوێ بكەوێتە ژێر فشارەوە و رازی بێت بەو ئەنجامەی راگەیەنراوە.
جەختیشی كردەوە، كە كێشەی ئەوان لەگەڵ هەردوو پارتی دەسەڵاتداردایە كە لە ماوەی 27 ساڵی رابردوو، هەرێمی كوردستانیان تووشی قەیران و شكست كردووە، هەر لەبەر ئەوەشە كە نەك هەر كاریان لەگەڵ ناكەن، بەڵكوو لە بنەڕەتدا ناچنە هیچ هاوپەیمانیەكەوە كە ئەوانی تێدا بێت و تاكە دەنگێكی نەوەی نوێ بۆ پارتی یان یەكێتی ناچێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group