دەستەی دەستپاكی عیراق دەستی بەسەر زیاتر لە پێنج كیلۆ زێڕدا گرت

57 خولەک پێش ئێستا عێراق

نەوا-
دەستەی دەستپاكی فیدراڵی رایگەیاند، لە درێژەی لێكۆڵینەوەكان لە دۆسیەی زیادبوونی سامان و دەستكەوتی نایاسایی جێگری بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی تۆماری خانوبەرەی سەڵاحەددین، دەستی بەسەر بڕێكی زۆر زێڕدا گرتووە.
لە راگەیەندراوێكی دەستەی دەستپاكی فیدراڵی بلاوكراوەتەوە، تیمەكانی نووسینگەی لێكۆڵینەوەی سەڵاحەددین، پاش وەرگرتنی زانیاری و تۆماركردنی دانپێدانانی هاوسەری تۆمەتبارەكە، بەدواداچوونی پێویستیان بۆ دۆزینەوەی ئەو زێڕانە كرد كە لە ماڵی تۆمەتبارەوە بۆ ماڵی كەسێكی دیكە گواسترابووەوە.
باس لەوەشكراوە، تیمەكە بە بڕیاری دادگای لێكۆڵینەوەی سەڵاحەددین، دەستی بەسەر 5 كیلۆ و 250 گرام زێڕدا گرت و كۆنووسێكی فەرمیی بۆ ئەم مەبەستە رێكخست.
دەستەی دەستپاكی لە 30ـی ئابی 2026 رایگەیاندبوو، هاوسەری ئەو تۆمەتبارەیان دەستگیركردووە و لە ماڵەكەیدا دەستیان بەسەر بەڵگەنامە و تاپۆی 95 موڵكدا گرتووە كە لە پارێزگاكانی بەغدا، دیالە و سەڵاحەددین تۆمار كراون.
لەناو كەلوپەلە دەستبەسەركراوەكاندا، 31 بەڵگەنامەی مۆركراوی بەتاڵ، ژمارەیەك كۆمپیوتەر، بڕێك پارە و زێڕی دیكەش هەبوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group