"عێراق 2 ملیار دۆلاری پارەی گازی ئێران قەرزدارە"
1 کاتژمێر پێش ئێستا عێراق
نەوا-
ئەحمەد موسا عەبادی وتەبێژی پێشووی وەزارەتی كارەبا و شارەزای بواری وزە لە لێدوانێكدا رایگەیاند، عێراق گرێبەستێكی لەگەڵ ئێران كردووە، كە رۆژانە 50 ملیۆن مەتر سێجا گازی پێ بفرۆشێت، كە ئەو بڕە گازە 30٪ی كارەبای عێراقی پێ بەرهەمدەهێندرێت، بەڵام ئێستا ئێران كەمتر لەو بڕە دەنێرێت.
ئاماژەی بەوەشدا، تەنیا ئێستا 25 ملیۆن مەتر سێجا گازی ئێرانی دەگات كە سووتەمەنی بۆ بەشێك لە وێستگەكانی كارەبا دابین دەكات، كە 20 ملیۆن مەترسێجا بۆ ناوەڕاست و پێنجەكەی دیكە بۆ باشووری عێراق.
بەوتەی ئەحمەد موسا عەبادی، ئێستا عێراق لە كڕینی گازدا، دوو ملیار دۆلار قەرزاری ئێرانە، كە بەهۆی سزاكانی سەر ئێران ناتوانێت ئەو قەرزە بداتەوە.
ئێران پێشتر لە رێگەی چوار هێڵەوە كارەبای دەدایە عێراق كە بڕەكەی 1000 بۆ 1200 مێگاوات بوو، بەڵام ئەحمەد عەبادی دەڵێت، زیاتر لە ساڵێكە ئەو چوار هێڵە بەهۆی سزاكانی ئەمریكاوە بۆ سەر ئێران وەستاون.