موسەننا ئەمین: وادەی ڕووبەڕووبوونەوەی زەیدی و میلیشیاكان نزیك دەبێتەوە

46 خولەک پێش ئێستا عێراق
نەوا-
موسەننا ئەمین ئەندامی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی عێراق ڕایگەیاند، زانیاریم هەیە عەلی زەیدی، سەرۆك وەزیرانی عێراق هەڕەشەی كردووە كە دەبێت تا مانگی ئەیلوولی داهاتوو دۆسیەی گروپە چەكدارەكان كۆتایی بێت و یەكلایی بكرێتەوە.
ئاشكراشیكرد، زەیدی هەڕەشەی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانەی كردووە كە نایانەوێت عێراق سەروەری خۆی بۆ بگەڕێتەوە و نایانەوێت دەوڵەتسازی لە عێراقدا سەربگرێت و دەیانەوێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، دەسەڵاتی تریش هەبن كە خاوەنی بڕیاری جەنگ و ئاشتی بن، خاوەنی هێزی سەربازی بن، لەگەڵ ئەو هێزە سەربازییەشدا خاوەنی هەژموونی خۆیان بن لە ناوچەكانی جیاوازی عێراقدا.
، ئەو پەرلەمانتارە روونیشی كردەوە، ئەو گرووپە چەكدارانە توانای سەربازی و ڕێكخراوەیی خۆیان بەكارهێناوە بۆ كۆنترۆڵكردنی هەندێك شوێن و سەرانەوەرگرتن و دەستوەردان لە ئیرادەی هاووڵاتییان و پرۆسەی هەڵبژاردنەكان.
موسەننا ئەمین ڕاشیگەیاند، ژمارەیەكی بەرچاو لە ئەندامانی پەرلەمانی ئێستای عێراق لە ڕێگەی گرووپەكانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەكدارەكانەوە گەیشتوونەتە پەرلەمان، بەبێ ئەوەی پشتیوانییەكی ڕاستەقینەی شەقامی عێراقییان لەگەڵدا بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group