نەوا-
دەستەی كەشناسی و بومەلەرزەزانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، لە كۆتایی ئەم هەفتەیەدا شەپۆلێكی خۆڵبارین بەشێك لە ناوچەكان دەگرێتەوە و پلەكانی گەرماش ڕوو لە دابەزین دەكەن.
بەپێی پێشبینییەكانی دەستەكە، بۆ هەردوو ڕۆژی چوارشەممە و پێنجشەممە، ئاسمان بە گشتی ساماڵ دەبێت و پلەكانی گەرما جێگیر دەبن و گۆڕانكارییەكی ئەوتۆیان بەسەردا نایەت بەراورد بە ڕۆژانی پێشووتر.
سەبارەت بە كەشوهەوای ڕۆژی هەینیش، كەشناسی عێراق باسی لەوەكرد، ئاسمان ساماڵ دەبێت، بەڵام لە كاتەكانی دوای نیوەڕۆدا لە ناوچەكانی باشوور دەگۆڕێت بۆ پەڵەهەور، هاوكات لە ناوچەكانی ناوەڕاست خۆڵبارین دەبێت، هەروەها پلەكانی گەرما لە ناوەڕاست و باشوور نزم دەبنەوە و لە باكووریش كەمێك ڕوو لە بەرزبوونەوە دەكەن.
هەر لە ڕاگەیەندراوەكەدا هاتووە، ڕۆژی شەممە كەشوهەوا ساماڵ دەبێت لەگەڵ دەركەوتنی هەوری پەرتەوازە لە ناوچەكانی باشوور لە دوای نیوەڕۆدا، هاوكات پلەكانی گەرما لە سەرانسەری وڵاتدا بەشێوەیەكی گشتی ڕوو لە دابەزین دەكەن.