سەباح نوعمان: دوای 30ـی ئەیلوول یەك سەربازی بیانی لە هیچ شوێنێكی عێراق نامێنێتەوە

56 خولەک پێش ئێستا عێراق

نەوا-
وتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق دەڵێت، پرۆسەی كشانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە هەولێر دەستیپێكردووە و لە 30ـی ئەم مانگەدا تەواو دەبێت.
ئەمرۆ دووشەممە، سەباح نوعمان وتەبێژی عەلی زەیدی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە لێدوانێكدا سەبارەت بە كشانەوەی هێزەكان لە هەرێمی كوردستان رایگەیاند، ئەمریكا و هاوپەیمانان ئێستا لە قۆناخی كشانەوەدان و هاوپەیمانان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان لە هەولێر دەكشێنەوە.
سەباح نوعمان وادەی كۆتاییهاتنی كشانەوەكەی ئاشكرا كرد و وتی، ئەم كشانەوەیە رۆژی 30ـی  ئەیلوول تەواو دەبێت و رێوڕەسمێكی گەورەش لە بەغدا بە بۆنەی كۆتاییهاتنی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق بەڕێوەدەچێت.
جەختیشی كردەوە، كشانەوەكە تەواوی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دەگرێتەوە و دوای 30ـی ئەیلوول یەك سەربازی بیانی لە هیچ شوێنێكی عێراق نامێنێتەوە.
سەباح نوعمان روونیشیكردەوە، كۆنفرانسێكی سەروەری دوای ئاهەنگەكە بە سەرپەرشتیی سەرۆكوەزیرانی عێراق دەكرێ و راشیگەیاند، كۆنفرانسێكی گەورەیە بۆ ئاهەنگگێڕان بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكە یان وەرگرتنەوەی تەواوەتیی سەروەری، كۆنفرانسەكە رۆژی 1ـی 1ـی تشرینی یەكەم دەبێت و بانگهێشتی فەرمی بۆ سەرجەم سەركردە و هێزە سیاسییەكانی عێراق دەنێردرێ.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group