راپۆرتێكی نێودەوڵەتی: داعش لە عیراق كۆتایی نەهاتوە

03/12/2018 عێراق

نەوا
بەپێی راپۆرتێكی نێودەوڵەتی رێكخراوی داعش لەعیراق كۆتایی نەهاتووە تەنها شێواز و تەكتیكیان گۆڕیوەو چالاكیەكانیان زیادی كردووەو لەچەندین ناوچە بەردەوام هێرش ئەنجام دەدەن.
راپۆرتەكە، كە ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی لەواشنتۆن بڵاویكردووەتەوە، تێیدا هاتووە، رێكخراوی داعش 99%ی ئەو زەویانەی لە عیراق دەستیان بەسەردا گرتبوو، لەدەستیان داوە، بەڵام چەكدارەكانی مانگانە 75 هێرش لەسەرتاسەری ئەو وڵاتەدا ئەنجام دەدەن.
هەر بەپێی راپۆرتەكە، ئەو رێكخراوە تەكتیكەكانی گۆڕیوە و زیاتر تەركیز دەخاتەسەر ئامانجە حكومیەكان و رفاندن بۆ داواكرنی پارەو تیرۆركردن، هێرشەكانی لەكەركوكیش، كە ناوچەیەكی جێناكۆكە، زیادی كردوە، بەهۆی هێرشە خوێناویەكانی لەساڵی 2016دا، 6 هەزار و 217 كەس كوژراون، لەساڵی 2017شدا 5 هەزارو 339 كەس، هەروەها لەساڵی 2018دا تا مانگی ئۆكتۆبەر هەزارو 656 كەس كوژراون.
ناوەندی لێكۆڵینەوەی ستراتیژی نێودەوڵەتی رونیشیكردۆتەوە، 20 تا 30 هەزار چەكداری ئەو رێكخراوە لە عیراق و سوریادا بونیان هەیە، كە نزیكەی 10 بۆ 15 هەزاریان لە عیراقدان، لەئێستاشدا بەسودوەرگرتن لەبارودۆخی نائاسایی عیراق و بوونی گەندەڵیەكی زۆر و كێشەكانی نێوان بەغدا و هەرێمی كوردستان ئەو چەكدارانە سەرقاڵی رێكخستنەوەی ریزەكانیانن، هەروەها سودێكی زۆری لە گرژیە تایفییەكان وەرگرتوە، كە حەشدی شەعبی وەك سوتەمەنی بۆ ئەو گرژیانە سەیر دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group